30 هەزار سەرباز بۆ سەركوتی خۆپێشاندەران گەڕێنرانەوە شارەكانی باشووری عێراق

:: AM:11:31:15/07/2018 ‌
دوای بەردەوامی خۆپێشاندانەكان و تێكچوونی دۆخی تەناهی شارەكانی باشووری عێراق، عەبادی ئامادەباشی پلە جیمی ڕاگەیاند، بۆ ئەو مەبەستەیش 30 هەزار سەرباز لە شوێنەكانی تر بەرەو باشوور پاشەكشەیان پێ كرا.

بەرپرسێكی باڵای عێراق بە ڕۆژنامەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، یەكەی تانك و زرێپۆش لە شوێنە جیاجیاكانی بەسڕە بڵاوەیان پێ كراوە، بە تایبەتی لەو ناوچانەی خۆپێشاندەران بە چڕی تێیدا كۆ بوونەتەوە.

خەڵكی بەسڕە بۆ ڕۆژنامەكە ئاشكرایان كردووە، كە یەكەی تانك و زرێپۆشی سوپا لە ناوچەكانی زوبێر و ئوم قەسر و هارسە و شەتولعەرەب و سادق و سەفوان و ناوەندی شاری بەسڕە بڵاوەیان پێ كراوە، لەگەڵ ئەمەیشدا قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی شارەكە ڕاگەیەنراوە.

شێخ عەزیز میاحی ئەندامی ئەنجوومەنی هۆزەكانی باشووری عێراق بۆ ڕۆژنامەكە دووپاتی كردەوە، خۆپێشاندانەكان بەردەوام دەبن و خەڵكی شارەكە هیچ بڕوا و متمانەیەكیان بە بەرپرسانی وڵاتەكە نەماوە كە چاكسازی و باری خزمەتگوزارییەكان لە وڵات بەرەو باشی ببەن.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن كە عەبادی فەرمانی بە لادانی لیوا روكن جەمیل شمەری لە پۆستەكەی كردووە، بە هۆی فەرمانكردنی بە تەقەكردن لە خۆپێشاندەران، فەرمانیشی كردووە بە ڕەوانەكردنی 30 هەزار سەرباز بۆ پارێزگاكان بە مەبەستی پشتیوانی زیاتری هێزە تەناهییەكانی شارەكان بۆ سەركوتكردنی خۆپێشاندەران.



وشە - باز ئه‌حمه‌د