ژنێك له هه‌ولێر دوای ١٥ ساڵ ده‌زانێ هاوسه‌ره‌كه‌ی ژنی دووه‌می هه‌یه و پێنج منداڵی لێی دروست كردووه. ئه‌و ژنه كه خاوه‌نی یه‌ك كوڕه و به‌هۆی نه‌خۆشییه‌ك نه‌یتوانیوه منداڵی تری ببێت، دوای ئاشكرابوون پیاوه‌كه‌ی پێی گوتووه، "تۆ داری بێبه‌ر بووی و ناچار بووم بۆ ئه‌وه‌ی ناوم بمێنێ، ژنی تر بێنم، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش منداڵی نه‌بووایه یه‌كێكی ترم ده‌هێنا".
"ڕێزان" ئه‌و ژنه‌یه كه دوای ٢٢ ساڵ له ژیانی هاوسه‌ریی له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا ده‌بێته‌وه و كوڕه ١٨ ساڵه‌كه‌ی كه ساڵانێكی دوور و درێژ خۆی به تاقانه‌ی دایك و باوكی داناوه، دوای ته‌مه‌نێك بۆی ده‌رده‌كه‌وێت پێنج خوشك و برای تری هه‌یه، ئه‌و ئێسته له‌گه‌ڵ دایكی ده‌ژی و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه نایه‌وێ باوكی ببینێت و خوشك و براكانی بناسێت.
ڕێزان باسی ئه‌و ١٥ ساڵه‌ی ژیانی بۆ "وشه" ده‌كات كه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی ژیاوه و وایزانیوه خۆشبه‌ختترین ژنه و گوتی، "چونكه ژیانێكی باشم هه‌بوو، هه‌رچه‌نده هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر كات به‌ناوی ئیشه‌وه له ماڵ نه‌ده‌بوو، به‌ڵام هه‌ر مایه‌ی دڵخۆشی بوو، ئێسته وه‌ك ئه‌وه وام له خه‌وێكی قووڵ به ئاگا بێم و هێنده خه‌وتووم ناتوانم بخه‌ومه‌وه، به‌جۆرێك به ئاگا هاتووم كه‌س ناناسمه‌وه".
ئه‌و ژنه به گریانه‌وه ده‌ڵێ، "ئاخر زۆر قورسه ساڵێك و دوو نا زیاتر له 10 ساڵ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنرێیت و نه‌ك نه‌زانی، ته‌نانه‌ت هه‌ستیش نه‌كه‌ی".
زیاتر گوتی، هاوسه‌ره‌كه‌م كاری بازرگانی ده‌كرد، به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه زۆربه‌ی كات له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر بوو، هه‌ر ئه‌مه وای كردبوو من ساڵانێك له پێخه‌فی بێئاگاییدا بنووم و ئه‌ویش ئیسراحه‌تی خۆی وه‌ربگرێت و لای ژنی دووه‌می بنوێت و منیش پێی نه‌زانم، ژنی دووه‌می له كه‌ركووكه و ماڵی دووه‌می له‌وێ بووه، هاتوچۆی بۆ ماڵی دووه‌می من به كاركردن تێگه‌شتبووم، بۆیه هه‌موو كات ده‌ستم به روو له ئاسمان و دوعای خێر بوو بۆی، ئه‌ویش له پشته‌وه چه‌قۆی لێ ده‌دام.
"هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو كه ببێت به مایه‌ی ئه‌وه‌ی له من بێزار بێت یان بیه‌وێ ژنم به‌سه‌ر بهێنێت، ته‌نیا منداڵبوون نه‌بێ، ده‌مزانی هاوسه‌ره‌كه‌م زۆری حه‌ز له منداڵه، یه‌ك كوڕمان بوو، دواتر تووشی نه‌خۆشیی ڕه‌حم بووم، ئیتر نه‌متوانی منداڵی تر دروست بكه‌م و ئه‌و حه‌زه‌ی به‌جێ بگه‌یه‌نم". رێزان وا ده‌ڵێ.
دوای له‌دایكبوونی كوڕه‌كه‌یان هه‌وڵی دروستكردنی منداڵی دووه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناگه‌ن به ئامانج و له كاتی پشكنیندا بۆیان ده‌رده‌كه‌وێ كه ڕه‌حمی ڕێزان كێشه‌ی زۆری هه‌یه، بۆیه نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌كرێت و ڕه‌حمی ده‌ردێنن. خۆی ده‌ڵێت "له‌و كاته‌دا هه‌ستم به ناڕه‌حه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌م كرد و زانیشم زیاتر له خۆم له‌به‌رئه‌وه بوو كه ناتوانم جارێكی تر منداڵم ببێت، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌م ده‌یگوت ته‌ندروستی خۆت گرنگتره له هه‌موو شتێك".
به‌رده‌وامه له قسه‌كانی، ساڵانێك وه‌ها دڵی خۆش ده‌كردم باشتر بڵێم ویژدانی ئاسووده ده‌كردم له‌و خیانه‌ته‌ی لێی كردبووم، به‌ڵام له كۆتاییدا به‌جۆرێك شكاندمی، ئه‌سته‌مه جارێكی تر بتوانم باوه‌ڕ به كه‌س بكه‌مه‌وه.
دایك و براكانی "ئه‌حمه‌د" كه هاوسه‌ری ڕێزان بووه، به هاوسه‌رگیری دووه‌می ده‌زانن، به‌ڵام هیچیان ئاشكرای ناكه‌ن، ڕێزان ده‌ڵێ، خه‌سووم زۆر خراپ بوو هه‌موو جار پێی ده‌گوتم "ژن منداڵی نه‌بوو پێی ناڵێن ژن" وه‌ك بڵێی من به ویستی خۆم منداڵم نه‌بێ، خۆ منیش ده‌مویست چه‌ند منداڵێكم هه‌بێت و به باشی په‌روه‌رده‌یان بكه‌م، به‌ڵام ئێسته به‌خۆم ده‌ڵێم خودا خۆی زانیویه‌تی ئه‌حمه‌د شیاوی ئه‌وه نییه ببێت به باوكی زیاتر له‌و كوڕه‌ی من، بۆیه پێی نه‌داوم.
ڕێزان كه ئێسته له دۆخێكی ده‌روونیی ناجێگیردایه، به ئازارێكی قووڵه‌وه باسی خه‌مه گه‌وره‌كه‌ی كرد و گوتی، ئه‌گه‌ر به ئاگایی من هاوسه‌رگیری بكردایه بۆم ئاسانتر بوو و قبووڵیشم ده‌كرد، ئه‌وكات به مه‌ردانه قسه‌مان لێ ده‌كرد و كوڕه‌كه‌شم هێنده بریندار نه‌ده‌بوو، به‌ڵام ئێسته دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له كاتی مردنی دایكی‌دا من به‌وه ده‌زانم كه ژنی تر و منداڵی هه‌یه و كوڕه‌كه‌م خوشك و برای بۆ په‌یدا بووه، ئه‌مه شتێك نییه قبووڵكراو بێت، منیش قبووڵم بكردایه بێگومانم له‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م قبووڵی نه‌بوو، بۆیه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌م بڕیارمان دا به ته‌نیا بژین و منیش له هاوسه‌ره‌كه‌م جیا ببمه‌وه.
"به‌هه‌موو ژنێك ده‌ڵێم قه‌ت له به‌رده‌م پیاوێكدا مه‌چه‌مێنه‌وه كه قه‌دری باشی و ژنبوونتان نازانێت، ئێمه خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و ئیراده‌ین، خۆتان له پیاو زیاتر ببینن و هه‌رواشن، ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌م منداڵی نه‌بووایه، من به پێڵوی چاوم خزمه‌تم ده‌كرد و له‌سه‌ر سه‌رم داده‌نا، به‌ڵام پیاو له هاوسه‌رگیریشدا راستگۆ نین، بۆیه ژیانم به ته‌نیا دوور له هه‌موو ناشرینییه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژارد، به‌ئارامی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌م و باوكم ده‌ژیم، خزمه‌تی باوكم ده‌كه‌م زۆر شه‌ریفانه‌تره له پیاوێكی ناخپیس". ڕێزان وا ده‌ڵێ.
وشه/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان