بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ئاشكرای دەكات شەوی ڕابردوو نەخۆشێك هێنراوەتە نەخۆشخانە بەمەبەستی چارەسەركردن و هاوەڵی نەخۆشەكە هەڕەشەی كوشتنی لە پزیشكەكان كردووە.
ئەمڕۆ شەموو 16ـی شوبات، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای شاری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی 2019/2/14 سەعات 11 و 20 خولەكی شەو نەخۆشێك دوو هاوەڵی لەگەڵ بوو، یەكێك لەهاوەڵەكانی بەبێ هیچ بیانووێك چەكی دەمانچەی دەرهێنا لە ڕووی ژمارەیەك لە پزیشك و كارمەندانی ئێشكگری پێشوازی و هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكردن.
نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا ئاشكرای كردووە، هەرچەندە دەستبەجێ پێشوازی لە نەخۆش كرابوو و پشكنینی پزیشكی و چارەسەری پێویستی بۆ كرا، دواتر هاوەڵی نەخۆشەكە نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت، بۆ ئەم مەبەستە ناڕەزایی توند دەردەبڕین و سكاڵای یاسایی بەرانبەر ئەم تاوانە تۆمار دەكەین و بەهیچ شێوەیەك قبووڵی ئەم هێرشە ناڕەوایە ناكەین.
ئەو نەخۆشخانەیە لەبەرانبەر ئەو مەترسییە داوای بەپەلە لە لایەنی پێوەندار و دەزگا تەناهییەكان دەكات كە ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ ئەو جۆرە هێرش و تاوانە، داوایش لە هاووڵاتییانی دەكات كە ڕێز لە نەخۆشخانە و پزیشك و كارمەندان بگرن و هاوكاری ڕێگەگرتن بن لەم جۆرە هەڵسوكەوتانە و بەرژەوەندی و مافی پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانە لەبەرچاو بگرن كە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا كار دەكەن.