تاوتوێی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەكرێت

:: PM:01:15:18/04/2020 ‌
بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا گورزێكی كوشندەی لە ئابووری دنیا داوە. حكوومەتی عێراق كە پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە، دابەزینی نرخەكەی زیانی زۆری لێ داوە و بەدوای چارەسەرێك دەگەڕێت بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران. پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی دووپات لە تاوتوێكردنی چەندان پێشنیار كراوە، لەوانە كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام دەڵێن هێشتا نەبووە بە بڕیار.

مانگێك بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق تێدەپەڕێت، تا ئێستە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە 81 كەس گیانیان لە دەست داوە لە كۆی هەزار و 482 تووشبوو، هاوكات 906 كەسیش چاك بوونەتەوە.

لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین، یەكێك لە لێكەوتە ناڕاستەوخۆكانی ڤایرۆسەكە، سێكتەری ئابووری بوو كە بووە هۆكاری داخستنی هەزاران كارگە و كۆمپانیا، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر خواستی وڵاتان بۆ كڕینی نەوت دروست كرد و بەمەش بەهای نەوت لە سەرووی 60 دۆلارەوە بۆ 20 دۆلار دابەزاند.

وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند، لە مانگی ئاداری رابردوو 105 ملیۆن و 102 هەزار و 927 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە و داهاتەكەشی تەنیا دوو ملیار و 988 ملیۆن و 711 هەزار دۆلار بووە و نرخی هەر بەرمیلێكی نەوتیش 28 دۆلار و 40 سەنت بووە.

 پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەو بڕە داهاتە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق ناكات كە مانگانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری پێویستە، ئەمە جگە لە خەرجی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و خزمەتگوزارییەكانی تر.

ئەمە لە كاتێكدایە لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو، عێراق نەوتی كەمتری هەناردە كردووە كە 102 ملیۆن و 485 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام داهاتەكەی شەش ملیار و 163 ملیۆن و 383 هەزار دۆلار بووە و نرخی هەر بەرمیلێكی نەوتیش بە 60 دۆلار و 14 سەنت بووە. 

هاوكات لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بەهای نەوت بەردەوام رووی لە دابەزین بووە و كەمترین نرخیش كە تۆمار كرابێت، 17 دۆلار بووە بۆ یەك بەرمیل. بەڵام دوای كۆبوونەوەكەی ئۆپیك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەسەر كەمكردنەوەی بڕی هەناردەی نەوت، نرخی بەرزبوونەوەی تۆمار كردووە، نرخی بەرمیلێك نەوت لە كردنەوەی بازاڕی ئەمڕۆ 23 دۆلار بوو، ئێستەش بە 20 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.

بەپێی رێككەوتنی ئۆپیك بێت، هەناردەی عێراق رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل كەم دەكات كە تێكڕای مانگانە زیاتر لە 30 ملیۆن بەرمیل نەوت دەكات، ئەمەش وادەكات داهاتی مانگانەی فرۆشی نەوتی عێراق بۆ سەرووی دوو ملیار دۆلار دابەزێت كە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ناكات.

لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، چەندان پێشنیار تاوتوێ كراون، یەكێك لەو پێشنیارانە كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بە رێژەی 10%، كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكان بە رێژەی 25%. ئەوانە هەمووی پێشنیاری گفتوگۆی گرووپ چاتی واتس ئاپی پەرلەمانتارانی لیژنەی داراییە، هیچیان تا ئێستە نەبووە بە بڕیار و دیاریش نییە حكوومەتەكەی مستەفا كازمی كە چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەفتەیە لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێ بدرێت، دەست بۆ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران دەبات یان بانكی ناوەندی پشتگیری لە حكوومەت دەكات و قەرەبووی كەمكردنەوەی داهات دەكات تا حكوومەت بتوانێ مووچەی فەرمانبەران دابین بكات.

چەندان پێشنیار پێوەند بە مووچەی فەرمانبەران لەناو گرووپی پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی تاوتوێ كراوە


سەرچاوەیەكی بەرپرس دەڵێ، حكوومەت بە نیازە مووچەی فەرمانبەران بەپێی پلەكانیان بڕێكی لێ پاشەكەوت بكات تا ئەوكاتەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی بەرز دەبێتەوە و دواتر بۆیان دەگەڕێنێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئاماژە بە رێككەوتنی سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران) دەكات، لەسەر پێشنیارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران.

ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی، رەتی دەكاتەوە لیژنەكەیان بە فەرمی هیچ پێشنیارێكی كرد بێت بۆ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران.

ئەحمەدی حاجی رەشید بە "وشە"ـی راگەیاند، لە نۆی كانوونی دووەمی رابردوو، لیژنەی دارایی تەنیا یەك كۆبوونەوەی كردووە، پێشنیاری وەهاش نەكراوە، تەنانەت دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەی داراییش بۆی نییە وەها پێشنیارێك بداتە حكوومەت بێ رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانتاران. گوتی "ئەوەی هەیە یاسایی خزمەتی فیدڕاڵییە كە لەوێدا باس لە گۆڕانكاری و هەمواری مووچەی فەرمانبەران كراوە، لە لیژنەی دارایی گفتوگۆ زۆر لەسەر ئەو پرسە كرا و یەكێك لە پێشنیارەكان ئەوەبوو كە كەمترین مووچەی بنەڕەتی 200 هەزار و بەرزترینی 800 هەزار دینار بێت، بەڵام دواجار ئەو پرسە بۆ حكوومەت جێهێڵرا كە حكوومەت یاسای 22ـی ساڵی 2008 هەموار بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكات، لەوێ پەرلەمانتاران بڕیار لەسەر مووچەی فەرمانبەران دەدەن".

زیاتر گوتی "پرسی دەستكاری مووچەی فەرمانبەران، پرسێك نییە هیچ كەسێك بوێری هەبێت پێشنیاری بكات و خۆی بخاتە بەردەم شاڵاوی رقی فەرمانبەران، پەرلەمانتارێكی لیژنەكەی ئێمە پێشنیارێكی كردبوو، نامەیەكم بۆی نووسی كە پەشیمان بێتەوە و خۆی نەخاتە بەردەم رقی فەرمانبەران".

ئەحمەدی حاجی رەشید نەیشاردەوە كە چەندان پێشنیار پێوەند بە مووچەی فەرمانبەران لەناو گرووپی پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی تاوتوێ كراوە، بەڵام هیچی نەبووە بە بڕیار، ئەوەی هەیە تەنیا خستنەڕووی چەند پێشنیارێكە بۆ چۆنیەتی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە وەها دۆخێك كە عێراق رووبەڕووی تەنگژەیەكی سەختی دارایی بووەتەوە.

شیروان میرزا پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەرەتا بوونی پێشنیار و گفتوگۆیشی لەسەر مووچەی فەرمانبەران رەت كردەوە، بەڵام دوای خستنەڕووی ئەوەی لە گرووپی واتس ئاپی پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی ئەو پرسە گەنگەشە كراوە، ئاماژەی بەوەدا كە عێراق بە دۆخێكی سەختی دارایی تێدەپەڕێت، قسە لەسەر چارەسەری تر كراوە لەوانە زیادكردنی داهاتی نانەوتی و كردنەوەی مەرز و خاڵە سنوورییەكان. گوتی "ئەوەی زۆر گرنگە، بانكی ناوەندی بەڵێنی داوە پشتگیری لە حكوومەت بكات".

زیاتر گوتی "كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بە یاسا دەكرێت، حكوومەت دەبێت پڕۆژەیاسا رەوانەی پەرلەمان بكات و پاش گفتوگۆ، ئینجا لە پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات كە مانگی رابردوو پێشنیاری بڕینی 10%ـی مووچەی فەرمانبەران و 25%ـی مووچەی پلەباڵاكان هەبووە، كە پارەكە بدرێت بە حكوومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بەڵام ئەو پێشنیارەش سەری نەگرت، بەوەی پێویستی بە رێكاری یاسایی هەیە.


وشە - فه‌رمان سادق