له هه‌شتی مارسدا زۆر شت له کۆمه‌ڵگەی کوردی‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، پیاوان ده‌بن به گه‌وره‌ترین ئازادیخوازانی جیهان، براکان ده‌بن به میهره‌بانترین مرۆڤ بۆ خوشکان و ژنانیان، مێرده‌کان ده‌بن به میراتگری ڕاسته‌قینه و دره‌وشاوه‌ی به‌هاکانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و شۆڕشی فره‌نسا و هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی که به‌ردێکیان له‌سه‌ر به‌ردێک بۆ به‌دیهێنانی یه‌کسانی ژن و پیاو داناوه. ئه‌مانه به دڵنیاییه‌وه له هه‌موو کوردستان به ڕێژه‌یه‌کی دره‌وشاوه و به‌رز ڕوو ده‌ده‌ن، به‌ڵام جه‌خار ته‌نیا له پانتایی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.
دیاره من هیچ کات له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره ئاڵۆز و هه‌ستیارانه نه بڕیاری ڕه‌ها ده‌رده‌که‌م و نه باوه‌ڕیشم به هیچ بڕیارێکی ڕه‌ها و لێبڕاو هه‌یه، دڵنیاشم پیاوان ڕێژه‌یه‌ک له یه‌کسانیخوازی و ڕێزلێنان و مافخوازیی له هه‌مبه‌ر ژنانیان تێدایه و که‌میش نین ئه‌و ژنه تێکۆشه‌ر و چالاکانه‌ی له‌م ڕیگایه‌دا و بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ده‌سکه‌ته‌ی لێکتێگه‌یشتنی نێوان ژن و پیاو به‌ره‌و یه‌کسانی ده‌یان قۆرت و کۆسپیان تێپه‌ڕاندووه، تەنانەت له ده‌یان ته‌شه‌ر و لۆمه خۆیان نه‌بان کردووه و سه‌ربه‌رزانه ڕه‌نجی ماندووبوونی خۆیان بینیوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی سینگی خۆشیان ڕانێن و فه‌خرمان پێ بفرۆشنه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا من هه‌میشه هه‌وڵم ئه‌وه‌یه ئه‌و شته‌ی وه‌ک بینه‌ر ده‌یبینم له کۆمه‌ڵگەکه‌م و جیهانی خۆمدا، وه‌سپی بکه‌م و بیگێڕمه‌وه، ڕه‌نگه که‌سی تر به‌شێوه‌ی دیکه ئه‌م شتانه بگێڕێته‌وه، به‌ڵام له گۆشه‌نیگای منه‌وه ئه‌و دیمه‌نه خه‌یاڵی و ئه‌فسووناوییه له کوردستاندا مه‌جازه‌ن هه‌یه، ئه‌مه‌یش به‌و مانایه نییه ژن و پیاو له‌م کۆمه‌ڵگەیه‌دا له فۆرمی جۆراوجۆردا جۆره ته‌بایی و لێکتێگه‌یشتن و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردنیان له نێواندا نییه.
ده‌زانم به‌شێکی زۆری ئه‌و دیمه‌نه فانتازیاییه ته‌نیا ئه‌و ئاره‌زووه پیاوانه‌یه ده‌یجووڵێنێت که له نێوان هه‌ستی خۆشه‌ویستی و هاوکات جووتبوون له‌لایه‌ک (زۆرجار ته‌نیا جووتبوون) و فیگۆر و ژێستی ڕۆشنبیرانه و سه‌رده‌میبوون له‌لایه‌کی دیکه خۆی ده‌بینێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت ده‌کرێت لایه‌نی دووه‌م وه‌ک ته‌کنیک و ده‌مامکێک بۆ ئه‌و لایه‌نه دوو ڕه‌هه‌نده‌که‌ی دیکه ببینین، ئه‌مه باسێکی سه‌ربه‌خۆی تر هه‌ڵده‌گرێت و له هه‌ل و ده‌رفه‌تی تردا دێمه‌وه سه‌ری. به‌ڵام بۆچی من ئه‌و دیمه‌نه خه‌یاڵی و سه‌رابئاسایه‌ی هه‌شتی مارس وا به ته‌نز و هاوکات توانجه‌وه ده‌خه‌مه ڕوو؟ ئایا ڕێگه‌ی لۆجیکیی خستنه‌ڕووی ئه‌م توانجه‌م هه‌یه؟
به‌ڕای خۆم هه‌مه، چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆژه‌دا ئه‌م هه‌موو ڕۆمانسییه‌ت و زین و له‌یلپه‌ر‌ستییه هه‌یه، به ڕاده‌یه‌کی زۆریش ژنان قه‌یران و سه‌غڵه‌تییان له کۆمه‌ڵگەی کوردستان و له ناوه‌ندی ئه‌م شۆ و نمایشه پێرفێکت و بێخه‌وشه‌دا هه‌یه، بێگومان کاتێک باسی کوردستان ده‌که‌م، مه‌به‌ستم هه‌م باشووره و هه‌میش ڕۆژهه‌ڵات، چونکه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت به‌هۆی پێوه‌ندیی نزیکی فره‌ڕه‌هه‌ند و هاوکات پێوه‌ندیی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی و هاوبه‌شێیی کۆمه‌ڵگەی کوردی وه‌ک پێکهات له هه‌ردوو دیودا، زۆربه‌ی قه‌یرانه‌کان ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هاوشێوه، ئه‌وا ده‌شێت بڵێین زۆر لێک نزیکن و به زۆری له سێکسیزم و پیاوسالاریی هه‌میشه‌ییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن!
دیاره به‌شێک ڕه‌وایی ده‌دات به‌م تێڕوانینه‌ی من، جیاواز له پێکهاتە و مێژوو و خه‌یاڵدانی هاوبه‌ش وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه، جیهانیبوونی کێشه‌ی ژنانه. سێکسیزم له هه‌موو شوێنێکدا هه‌یه، ته‌نیا شێواز و تۆخی و کاڵبوونه‌که‌ی جیاوازه. پیاوسالاری له هه‌موو قوژبنی دنیادا هه‌یه ته‌نیا ڕوخسار و سیما و سمێڵ و ڕدێنیان جیاوازه و هه‌تا دوایی. پێم وایه ئه‌م باسه به ڕه‌وا و دروست هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ئێسته من ته‌نیا بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ده‌لاله‌تی وشه‌ی کوردستان ئه‌م چه‌ند دێڕه‌م خسته ڕوو.
ئێسته ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئالنگارییه‌ک که پێوه‌ست به‌م ڕۆژه و واقیعی فانتازیایی ئه‌م ڕۆژه له کوردستان، ئه‌وا ده‌ڵێم قه‌یرانه‌کان به ڕاده‌ی ئه‌وه به‌رز و قووڵن که ئه‌م خه‌یاڵئامێزی و نمایشه سورریالییه، به نیشانه‌یه‌کی به‌راوه‌ژووی قه‌یرانه‌که خۆی بزانین، كە به‌م شێوه‌یه ده‌یه‌وێت خۆی بشارێته‌وه. واته باشترین ڕێگه‌ی شاردنه‌وه‌ی قه‌یرانێک، کردنێتی به نمایشێکی سه‌رانسه‌ریی جوان و ماکیاجکراو! كەواته ئه‌م ڕۆژه له‌ژێر دنیایه‌ک ڕسته‌ی ڕۆمانسی و وێنه‌ی گوڵ و دڵ و ده‌سته‌واژه‌ی یاسایی و مرۆیی و ئه‌ده‌بیدا خۆی دەنوێنێ، ئه‌م چرکه‌ساته وه‌ک ئه‌وكاتەیە كە ئه‌کته‌رێک پێش ئه‌وه‌ی بڕواته سه‌ر شانۆ، تێرتێر گریابێت و دواتر ده‌بێت بڕوات کۆمێدی و پێکه‌نیناوی دەربكەوێت، ئه‌کته‌ری ناوبراو جیاواز له‌وه‌ی پێویستی به مه‌کیاج و سووراوسپیاو بۆ ڕووخسار و هه‌موو ده‌موچاوی هه‌یه، ده‌بێت ڕۆح و خه‌رمانه و زمانی ڕووخساریشی به پێچه‌وانه‌وە بخاته گه‌ڕ و یاریی پێ بکات!
واته چاو ده‌بێ گریانه‌که‌ی له پشت په‌رده جێهێشتبێت و ئێسته بریسکه‌ی بێت، لووت ده‌بێت جێی گه‌شانه‌وه‌ی خۆی به‌و تۆپه‌ڵه سه‌ره خه‌مبار و گریاناوییه‌وه بگرێته‌وه، هه‌روه‌ها گۆنا و لاجانگ و ته‌نانه‌ت برۆیش، ئه‌مه ئه‌و ئه‌کته‌ره سوریالیەی شانۆی هه‌شتی مارسه له ناخی هه‌مووماندا.
هه‌موو پیاوانی دانیشتوو و بینه‌ریش له‌م نمایشه ئه‌فسووناویەدا ده‌توێنه‌وه و ئیمان به‌و بزه و بریسکه هەیە و هاوکات ده‌شزانن له پشت په‌رده‌وە چ ڕووی داوه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا ئه‌کته‌ره‌که‌یه به ئه‌زموون و پێست و خوێن و ئێسقان ده‌زانێت له پشته‌وه‌ی په‌رده و دوای کۆتایی نواندنه‌که گریان و هه‌گبه‌یه‌ک له ژنێتی و خه‌م چاوه‌ڕوانی ده‌کات! ئه‌مه ته‌نیا ڕه‌هه‌ندێکی هاوکێشه‌که‌یه که ده‌شێت وه‌ک ڕه‌هه‌ندی واقیعی بیناسێنین، ڕه‌هه‌ندی ناواقیعی و ژێره‌وانکێی ئه‌م بابه‌ته له هه‌ناو و زه‌ینی ناوشیاری ئێمه‌دا یان ئه‌و ئه‌کته‌ره سوریالیەی ناخماندا، زۆر سامناکتره.
ئه‌م ئه‌کته‌رە ڕه‌نگه ورده ورده، به کاوه‌خۆ و له‌ژێر کاریگه‌ریی ئازار و ڕه‌نجی تاقه‌تپڕووکێندا، ئالووده ببێت به‌و نواندنه ناواقیعی و سوریالییەوه و باوه‌ڕ بكات بەو پێکه‌نینه ساخته و ده‌سکرده و واز له‌و خه‌مه ڕاسته‌قینه و ڕوندکه ته‌ڕه واقیعیانه بهێنێت!
ئه‌مه ئه‌و چرکه‌ساته‌یه که ئێمه هه‌موومان وه‌ک کۆمه‌ڵگە ده‌که‌وینه یاریکردن له‌گه‌ڵ یه‌کتر و له شۆیه‌کدا به‌شدار ده‌بین که هه‌موومان ده‌زانین ده‌بێت ده‌مامکمان هه‌بێت! هه‌موومان ده‌زانین له پشت ئه‌و ده‌مامکه‌وه ڕووخساری تر و نیگای دیکه و لێو و لاجانگ و سه‌مای دیکه خۆیان حه‌شار داوه! ئێمه به‌م شێوه‌یه له پانتایی واقیعدا باز ده‌ده‌ین و ده‌چینه دۆخێکی ده‌روونیی سوریالی ده‌سته‌جه‌معی که تێیدا کێشه‌کان ورده ورده خه‌ریکن چاره‌سه‌ر ده‌بن، پیاوان ئه‌وپه‌ڕی ڕێزیان له ژنان گرتووه و ده‌گرن، خۆشه‌ویسته‌کان دوور له ده‌سدرێژی و سووکایه‌تی و به‌کارهێنانه‌وه‌ن، ماچه‌کان هه‌ڵگری ئه‌خلاق و به‌رپرسیارێتین، به‌ڵام دیسان مه‌خابن ئه‌مه‌یش ته‌نیا له شانۆیه‌کی سوریالی و دواتر له پانتایی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.