نه‌ورۆز بۆ زۆر له وڵاتان چ ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی وڵاتی سه‌ربه‌خۆن و چ بۆ ئێمه‌ی کورد که هێشتا له قۆناغی خه‌باتی ڕزگاریخوازیداین، ده‌شێت وه‌ک دالێکی ناوه‌ندی بێت. به‌و مانایه‌ی نه‌ورۆز سه‌ره‌تای ڕابوون و سه‌رهه‌ڵدانه، کاتێک ئێمه باس له دالێکی ناوه‌ندی ده‌که‌ین ئه‌وه‌یشمان به گریمانه داناوه که کۆمه‌ڵێک مه‌دلوول و ده‌لاله‌تی جیاواز و له هه‌مانکاتدا بزۆز و بگۆڕ، پێوه‌ست به‌م داله ناوه‌ندییه له ئارادایه و به‌رده‌وام له هه‌موو باس و خواس و گوتارێکی شوناسته‌وه‌رانه‌ماندا دێته‌وه پانتاییەکه‌وه و خۆی به بیر دێنیته‌وه. خاڵی تاڵ و ئایرۆنیی بابه‌ته‌که له‌وه‌دایه به‌پێی گێڕانه‌وه و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسییه‌کان، نه‌ورۆز له ناوچه‌ی نێوان دوو ڕووبار واته مێزۆپۆتامیا سه‌رچاوه‌ی گرتووه و به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ کورد و ڕووداوه‌کانی ژیانی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و زوو‌حاکی مار له شان گرێدراوه، به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه (ئێران، تورکیا و...) هیچ دانێک به‌م داله ناوه‌ندییه‌ی کورددا نانێن.
ئه‌مه ته‌نانه‌ت له شانامه‌ی فیرده‌وسیشدا که به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی سه‌رچاوه و ژێده‌ری زمانی و مه‌عنه‌وی و فکریی ئێرانچییه‌کانه، هه‌روا هاتووه. له شانامه‌دا کاوه‌ی ئاسنگه‌ر وه‌ک کوردێکی یاخی دره‌فش یان ئاڵای یاخیبوونی دژی خوێنمژییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی زو‌وحاک هه‌ڵ ده‌کات تا ده‌بێت به‌هۆی داڕمان و له‌ناوچوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته.
کۆنترین ده‌ق که به زمانی کوردی باسی نه‌ورۆزی تێدا هاتبێت، مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانییه که له‌وێش ئازادی و شادیی و خۆشیی کوڕان و کچان ده‌کات، به هه‌وێنێک بۆ ئاشنابوون و سه‌وداسه‌ریی مه‌م و زین و داڕمان و له گۆڕنانی به‌دکار و شۆفار. ڕاستییەكەی له‌ناو فارس‌دا هه‌وڵێکی زۆر بۆ خوێندنه‌وه و شیکاریی شانامه و کاوه و زووحاکدا هه‌یه بۆ ئەوەی نه‌ورۆزی کوردانه له‌گه‌ڵ نه‌ورۆزی ئێرانیانه جیا بکەنەوە و له هه‌ناوی خۆیاندا نوقمی بکه‌ن، نه‌ورۆزی کوردانه له تێڕوانینی ئه‌واندا زیاتر پێوه‌سته به بووژانه‌وه‌ی سروشت و نوێبوونه‌وه و سه‌رده‌ركردنی ڕووه‌ک و گژوگیا، ئه‌مه‌یش وه‌ک هه‌موو پرۆژه‌یه‌کانی دیکه‌یان ده‌ستوه‌ردان و سته‌مێکی ترەوە دژی ڕه‌مزه مه‌عنه‌وی و داله مانابه‌خشه‌کانی کورد.
له شیکارییه‌کی گشتیی و زاڵی عه‌جه‌مدا بۆ نه‌ورۆز له‌ناو کورددا، ده‌گوترێت: کاوه‌ی ئاسنگه‌ر که‌سایه‌تییه‌کی ئەنفسانەیی و پاڵه‌وانە له شانامه‌ی فیرده‌وسیدا، شانامه‌ی ئه‌بوومه‌نسووریدا، گه‌رشاسپ نامه و شانامه‌ی کوردی‌دا یان که‌سایه‌تییه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک واقیعیی بووه له سه‌رده‌می ئه‌شکانییه‌کاندا. کاوه ڕه‌مزی مرۆڤه پێشڕه‌و و پێشه‌نگه‌کانە له چاخی ئاسن و پیشه‌گه‌رییدا، پاش حکوومه‌تی جه‌مشید و نیشتنی خه‌رمانه‌ی ئیزه‌دیی له‌سه‌ر پاشایه‌تیی، ئه‌وه‌ی که ڕاپه‌ڕین و ڕابوونێکی جه‌ماوه‌ریی به یارمه‌تی فه‌ره‌یدوون و خه‌ڵکی هه‌ڵاتوو و ڕزگاربوو له داوی زو‌وحاک له دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌ڵده‌گیرسێنێت. کاوه په‌یامهێنی دادخوازی، سه‌ربه‌خۆیی، ئازادی و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نی زاڵ و زۆردار و سته‌مکاری سه‌ر ده‌سه‌ڵاته و کاریگه‌ریی قووڵ و بێوێنه‌ی له‌سه‌ر کولتووری ئێرانی و ڕه‌مزه پاشایه‌تییه‌کانی ئێران هه‌بووه.
ئه‌مه ئه‌و تێڕوانینه‌یه که له دووتوێی هه‌ندێ گشتبێژیدا به‌سه‌ر ڕه‌چه‌ڵه‌ک و نه‌ژادی کاوه وه‌ک هێما و ڕه‌مزی چاخی ئاسن، ئازادی، بوێری و سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆبوون و...باز ده‌دات و به ئاسانی گرێی ده‌داته‌وه به کولتووری ئێرانی و زنجیرەی پاشایه‌تییه‌که‌یانه‌وه. ئەگه‌ر سه‌رنج بده‌ین لێره‌دا دالی ناوه‌ندیی (نه‌ورۆزی مێزۆپۆتامیا) له‌گه‌ڵ دالێکی ساخته و ده‌سکردی تر به ناوی (ئێران)دا، جێگۆڕکێی پێ کراوه، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر حسێبی نه‌ورۆز و کورد که‌وتووه. واته نه‌ورۆز لێره‌دا هۆیه‌کی جه‌وهه‌ری و بنه‌مایی و دالێکی سه‌ره‌کیی بۆ ئێران نییه، به‌ڵکوو مه‌دلوول و ده‌لاله‌ته‌ێکه له ژێر سێبه‌ری ئێران و ئێرانیزمدا، ئه‌مه بۆیه وا بیچمبه‌ندیی کراوه، تا پێش له هه‌ر جۆره ده‌رکه‌وته‌یه‌کی کوردانه و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسیی نه‌ورۆز بگرێت و ئه‌گه‌ریش ئه‌م پرۆسه‌یه گه‌یشته ئه‌نجام، بنه‌ما و کۆڵه‌که‌ی ماڵه‌که‌ی نه‌له‌رزێت و ده‌کرێ بڵێین بڕێک ژیرانه یان فێڵبازانه‌یش ئه‌مه‌یان کردووه.
واته ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له ڕۆژان ده‌هۆڵیان لێ کوترا و دنیا زانیی نه‌ورۆز ده‌رکه‌وته‌ی مێژوویی ڕۆحی کوردانه، ئه‌وان ده‌توانن بڵێن ده‌ی ئێمه به‌بێ نه‌ورۆزیش هه‌ر ئێرانمان هه‌بووه و له‌سه‌ر کۆڵه‌که‌ی نه‌ورۆز وڵاتمان بنیات نه‌ناوه، ئه‌مه ئه‌و یارییه قێزه‌ونه‌یه که ئه‌وان ده‌یکەن.
با دوا ڕسته‌کانی ئه‌و تێڕوانینه ساخته‌کاره بخه‌مه ڕوو که له‌سه‌ر بکه‌ری ناو داله سه‌ره‌کییه‌که واته کاوه‌ی ئاسنگه‌ری کورد دەڵێن: خه‌ڵکی کوردستان جه‌ژنی نه‌ورۆز و چه‌که‌ره‌کردنی گژوگیا و ڕووه‌ک هاوکات له‌گه‌ڵ کۆتایی ده‌سه‌ڵاتی زو‌وحاک ده‌زانن و له ڕێگه‌ی هه‌ڵکردنی ئاگره‌وه ئه‌م بۆنه‌یه به‌رز راده‌گرن.
ڕاسته نه‌ورۆز و سروشت و ڕابوون ده‌ژی سته‌مکاری زو‌وحاک، گۆشه و ڕووبه‌ره‌کانی ئه‌م داله ناوه‌ندییه‌ن، به‌ڵام له‌م ڕستانه‌ی ئه‌واندا کۆنتێکست و زه‌وینه یان ژێرده‌قێک هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که کولتووری نه‌ورۆز به سروشت و بیره‌وه‌رییه‌کی کۆنی کورد دژی زو‌وحاک گرێ ده‌ده‌ن و به‌م شێوه‌یه ده‌یانه‌وێت له سیاقێکی مۆدێڕن‌دا ماهییه‌تێکی به‌ده‌وی بده‌ن به نه‌ورۆز، ئه‌مه له حاڵێکدایه بۆ و‌لتووری فارس له قه‌واره‌ی جه‌ژنی میهرگان وه‌ک ئاینێکی پیرۆز و ئاسمانیی و ئه‌به‌دی، ڕاده‌گه‌یه‌نن.
90%ی ئه‌و باسانه‌ی له‌سه‌ر کاوه و ڕابوونی دژی زو‌وحاک ده‌کرێت، قه‌ت باسی ڕه‌چه‌ڵه‌کی کاوه ناکرێت، به‌ڵکوو باسی ڕابوونی ئێرانیانە ده‌کەن و پاش ئه‌م پرۆسه‌ی کپکردن و په‌راوێزحستنە، ئه‌وه‌ی ده‌بێته مژار و دالی سه‌ره‌کیی فه‌خر و پیرۆزیی ڕه‌چه‌ڵه‌کیی ئێرانی و زنجیرەی پاشایه‌تییان، هه‌موو ئه‌مانه له پرۆسه‌یه‌کی به‌رنامه‌بۆداڕێژراوی سیاسی‌دا هاتووه‌ته ئه‌نجامدان و ئه‌وپه‌ڕی نه‌رجیسییه‌ت و خۆپه‌رستی لەلایه‌ن ئه‌م داگیرکارانه‌وه له نووسینه‌وه‌ی مێژوودا هاتووه‌ته ئاراوه.
واته مێژوو به تێڕوانینی سیاسییەوه ده‌ستی تێخراوه، به‌ڵام بابه‌ته‌که لێره‌دا کۆتایی پێ نایه‌ت، چونكە ده‌رکه‌وتنی نه‌ورۆز ئێسته‌یش له کوردستان هه‌مان بۆن و به‌رامه‌ی ڕابوون و هه‌ستانه‌وه‌ی دژی سته‌مکار و زاڵم پێوه دیاره و ئه‌و نه‌ورۆزه‌ی له داوێنی سروشت و به هه‌ڵپه‌ڕکێ و هاواری ئازادی و قریوه‌ی شادیی ژنان و پیاوان به هه‌ڵپه‌ڕکێ و هه‌زاران ڕه‌نگ و جلی ئاڵوواڵا ده‌بینرێت له کوێ؟ و ئه‌و نه‌ورۆزه که به سفره‌ی حه‌وت سین له ژوورۆچکه‌یه‌کی موبیله‌کراو ده‌گیرێت له کوێ؟
دیارده‌ناسیی ده‌رکه‌وته‌ی نه‌ورۆز له‌ناو کورد و عه‌جه‌مدا و به‌راوردکردنێکی ئاسایی، ده‌ریده‌خات هێشتا نه‌ورۆز له‌ناو کورددا نه‌ک ته‌نیا ده‌لاله‌ته ڕه‌سه‌ن و ئۆرجیناڵه‌که‌ی خۆی پاراستووه، به‌ڵکوو هه‌مان دالی ناوه‌ندی و ئاڵای به‌رزی کاوه‌ی ئاسنگه‌ره که دژی هه‌ر جۆره سته‌م و ده‌سه‌ڵاتێکی جه‌فاکار ڕاده‌په‌ڕێت.
هه‌موو هه‌وڵێکی ده‌سه‌ڵاته پاوانخواز و داگیرکه‌ره‌کان ئه‌وه‌یه نه‌ورۆزی کورده‌واری وه‌ک ڕێوڕه‌سمێکی مێژوویی قه‌تیسبوو له مێژوویه‌کی دیاریکراودا بناسێنن، به‌ڵام هەر ساڵ بەتینتر کورد به نه‌ورۆزی پڕشکۆتر له باکور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ئه‌م پلانه پووچه‌ڵ ده‌که‌نه‌وه.
هیچ نه‌ورۆزێکی کوردی نییه له ده‌ره‌وه‌ی دروشم و خواست و هه‌ڵوێستی سیاسییه‌وه به‌ڕێوه ببرێت، ئه‌رکی ئێمه کردنی نه‌ورۆزه به هێمایه‌کی قه‌به‌تر و گه‌وره‌تر له خواست و ئامانجی سیاسیی ڕوون و پته‌و له هه‌موو جیهاندا، نه‌ک هه‌ر له‌ناو کوردستاندا، عه‌جه‌م سه‌ره‌ڕای هه‌موو نه‌رجسییه‌ت و خۆپه‌رستییانەوە هه‌میشە به نه‌ورۆزی باکور و باشوور سه‌رسام ده‌بن و ده‌حه‌په‌سێن و نه‌ورۆزی ئه‌مساڵی ئێمه ده‌شێت بانگێکی بڵند به په‌یامێکی سیاسیی به‌رزتر له ساڵان و ڕه‌تکه‌ره‌وه‌ی هه‌ر جۆره پاوانخوازی و ناوه‌ندگه‌رێتییه‌کی هێزه کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئێرانه، دژی کورد و هه‌موو که‌مینه و ڕه‌نگ و ده‌نگه‌کانی ناو ئێران، نه‌ورۆزی ئه‌مساڵمان سیاسیترین نه‌ورۆز و به‌رزترین هاواری شوناسی نه‌ورۆز ده‌بێت.