جارێکی تر ده‌رکه‌وته‌یه‌کی دیکه‌ی فره‌ژنی، به لێشاو تۆڕه‌یلی کۆمه‌ڵایه‌تی گرته‌وه، هاوسه‌رگیریی حه‌وته‌می مه‌لایه‌ک شه‌پۆلێک له هه‌ڵوێست و لێکدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر و لێکدژی به‌دوای خۆیدا هێنا. بابه‌تی فره‌ژنی له یاسای هه‌رێمی کوردستاندا ڕێگه‌پێنەدراوه و من ناچمه ناو ورده‌کارییه‌کانی، چونکه ئه‌وه مافناس و شاره‌زای یاسایی ده‌وێت.
له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هاوسه‌رگیریی دووباره و چه‌ندباره‌ی مامۆستایانی وه‌ک عه‌بدوله‌تیف سه‌له‌فی و عه‌لی باپیر ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی، کاردانه‌وه و هه‌ڵوێستی زۆر و دژبه‌یه‌کی به‌دوای خۆیدا هێنا و ئه‌مه‌ی مەلا سالار چۆمانیش شتێکی تازه نییه و دوا که‌یسی فره‌ژنیش نابێت، به‌س ئه‌وه هه‌یه به هه‌ر هۆکارێک بووه وێنه‌که‌ی ئاشکرا بووه و په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و شێوه ژیانه‌ی مه‌لایه‌ک له‌ژێر تیشکی شه‌ریعه‌ت و گێڕانه‌وه قودسییه‌کاندا بۆ ئاره‌زووه سێکسییه‌کانی خۆی پێڕه‌وی ده‌کات، لادراوه.
به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا لۆیه‌کی بابه‌ته‌که‌یه، چونکه ئێمه دوور له چاوی کامێرا و ئاگاداریی هه‌موومان، دەتوانین ده‌یان و سه‌تان دۆسیە و حاڵه‌تی فره‌ژنی له کۆمه‌ڵگەدا بدۆزینه‌وه که له په‌راوێزی بێده‌نگیدا به هه‌ستێکی لێوان‌لێو له به‌خته‌وه‌ری و ئیمانه‌وه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. نه‌ورۆزی پار پیاوێکی ئاسایی که قه‌فی پشتوێنه‌که‌ی بۆ ته‌لبه‌ندی مه‌خفه‌رێک ده‌شیا، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌کانی هاته به‌رده‌م کامێرای یه‌کێک له که‌ناڵه‌کان و به شانازییه‌وه باسی ژنهێنانه‌کانی ده‌کرد که یه‌کی ئێرانی هه‌یه و یه‌کی عێراقی و یه‌کی نازانم کوێ و حه‌ز ده‌کات یه‌کی سعوودی یان کوێتیش بهێنیت!
دیاره هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه ئه‌م کرده‌وه دژه‌مرۆڤە ته‌نیا له ڕێی ئاین و هه‌ندێک خوێندنه‌وه‌ی موته‌شه‌ریعانه‌ی ڕووت له ئاین، نایه‌ته ئه‌نجام، به‌ڵکوو ناوه‌رۆک و توخمه‌کانی پێکهاتی کو‌لتووریی کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌یش به چڕی پشتگیریی له‌وه ده‌که‌ن! فره‌ژنی ڕه‌نگه بۆ به‌شێک له پیاوانی کورد نه‌گونجاو یان ناباو بێت، به‌ڵام وه‌ک بابه‌تێکی نامرۆیی و دوور له ڕه‌وشتی به‌رزی مرۆڤانه، چاوی لێ ناکه‌ن! واته به گشتی لای پێکهاته‌ی پیاوسالاریش ته‌نیا به هۆکارگەلێك ناچن به لای بابه‌ته‌که‌دا، ئه‌گینا کێشه‌ی بنه‌ماییان له‌گه‌ڵیدا نییه!
پێم وایه به‌ر له‌وه‌ی ئێمه وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس یان نووسه‌ر یاخۆ چالاکی بواری مافه‌کانی ژنان یان... هه‌ڵوێستی ڕه‌تده‌رانه و ڕادیکاڵ بنوێنین، باشتره ئه‌و گێڕانه‌وه و ده‌قانه‌ی شه‌رعیه‌ت و ڕه‌وایی به‌م دیارده‌یه ده‌ده‌ن، به ئاماده‌بوونی ده‌مڕاست و به‌رگریکارانی له فه‌زا و میدیایه‌کی گشتیدا تووشی ئالنگاریی بکه‌ین و دوو لۆجیکی پیاوسالارانه‌ی ئاینی و مرۆڤدۆستانه بخه‌ینه ململانێی چه‌مک و ده‌سته‌واژه و عه‌قڵانییه‌ته‌وه، تا له‌وێوه گفتوگۆكە باشتر به‌رده‌وام بێت و له ڕێی تێکهه‌ڵکێشکردنی فه‌زا و داخوازییه‌کانی مرۆڤی سه‌رده‌م و پێناسه هه‌نووکه‌ییه‌کان له مرۆڤ و ژن و مافه‌کانی، ڕێخۆشکه‌ری ئه‌وه بین ئه‌م دیارده‌یه به‌ر له‌وه‌ی وه‌ک مافێکی بێ پێچوپه‌نای پیاوان و ئاره‌زوویه‌کی ڕێگه‌پێدراو چاوی لێ بکرێت، وه‌ک دیارده‌یه‌کی ڕه‌خنه‌هه‌ڵگری ناته‌ندروست که که‌رامه‌ت و ناوبانگی ژنان له کۆمه‌ڵگەدا ده‌شکێنێت، بخه‌ینه به‌ر باس.
حه‌وجێ به ئاماژه ناکات که ئاینه‌کان پێناسه‌ی ژن و پیاو وه‌ک یه‌ک ناکه‌ن، له ماف و ئه‌رکیشدا بێگومان وه‌ک یه‌ک نایانبینن و کۆمه‌ڵگە ئیسلامییه‌کانیش له دواجاردا هه‌ر ئه‌مه پێڕه‌و ده‌که‌ن، به‌ڵام ناکرێت و نابێت له به‌رانبه‌ر شه‌پۆلێکی مه‌زن له هوشیاریی و عه‌قڵانیه‌ت و مافخوازیی ژناندا، خه‌مساردانه تێپه‌ڕن و هه‌ر قسه‌ی خۆیان به‌پێی عورفی کۆمه‌ڵگە و شه‌ریعه‌تێک که یاساکانی بۆ زه‌مه‌نێکی دیاریکراو و ڕووداوی دیاریکراو له‌م دۆسیەدا داڕێژراوه، ببه‌ینه پێشه‌وه، چونکه زه‌مه‌ن و قۆناغی ئێسته‌ی کۆمه‌ڵگەکان زه‌مه‌نی تاکده‌نگی و یه‌کجه‌مسه‌ریی نییه، به‌ڵکوو قۆناغی فره‌ده‌نگی و گوێگرتنه له هه‌موو ده‌نگه‌کان، ڕێزلێنانه له هه‌ست و سۆز و دنیای مرۆڤه‌کان، ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بڕۆینه پێشه‌وه، ڕه‌وتی گه‌شه و ده‌رکه‌وتنی هه‌ر ئه‌گه‌رێکی باش و دره‌وشاوه له کۆمه‌ڵگە به پێشه‌نگیی ژنان په‌ک ده‌خه‌ین.
له شۆڕشی ژینادا من به چه‌ندان وتار و بابەتدا باسم لەوە کرد که ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی شۆڕشی ژینا وه‌ک شۆڕشێک که نیشانه سه‌ره‌کییه‌که‌ی فڕێدانی سه‌رپۆش و لابردنی باڵاپۆشی ده‌خوێنێته‌وه، به مه‌کینه‌ی پیاوسالاری و نه‌ریتێک ئیش ده‌کات که عه‌قڵانیه‌تێکی تاکده‌نگ و دیکتاتۆرانه‌ی هه‌یه، چونکه شۆڕشی ژینا شۆڕشێکه ڕێک دژی هه‌ر جۆره سه‌پاندن و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌که که له ئاستی جه‌سته و ده‌روونی ژن‌دا بێته ئاراوه. واته به‌رگریی له که‌رامه‌تی جه‌سته و ڕۆحی ژن شائامانجی ئه‌م شۆڕشه بووه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌زاران داخوازی تر له‌ژێر ناوی مافی نه‌ته‌وه‌یی، دادپه‌ره‌وه‌ری، نه‌مانی تۆتالیتاریزم و دیکتاتۆری، له هه‌ناوی شۆڕشه‌كەوە فیچقه‌یان کرد و ئاسۆیه‌کی جیاوازمان بۆ ده‌نه‌خشێنن.
دیارده‌ی فره‌ژنی له ناخی هه‌مان خوێندنه‌وه دێته ده‌ره‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌ک که له به‌شی زۆری ئەو وڵاتانەی له که‌شێکی نه‌ریتیانه‌ی ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ناسه ده‌کێشن، ئه‌م شۆڕشه‌یان به شۆڕشی به‌ره‌ڵایی و بێ ئه‌خلاقیی ئێرانییه‌کان ناوزه‌د کرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شۆڕشی ژینا مۆرک و واژۆیه‌کی سەتاسەت کوردستانیی هه‌یه و ئێرانییه‌کان تا ئێسته‌یش ویستوویانه به ناوی خۆیانه‌وه داگیری بکەن.
ئه‌م شۆڕشه شۆڕشێکی بوێرانه بوو که له ماوی 30 ساڵی پیاوسالاری و گوتاره چه‌پ و راسته‌کانی نه‌یانتوانی ئاوه‌ها بنه‌ماکانی ئه‌و سیستمه‌ی غه‌در بهه‌ژێنن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گۆرانی بۆ ئازادی و دیموکراسی و ڕزگاریی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌کان وته‌وه، به‌ڵام به‌شێکی زۆر له‌و فه‌زا نه‌ریتی و ئاینیه‌ی باشووری کوردستان یان به ئه‌جێندایه‌کی تایبه‌تی وه‌ک ئیسلامی سیاسی یا له که‌شێکی دواکه‌وتووانه‌ی نه‌ریتیدا، ئه‌و شۆڕشه‌یان کرده قاوغێکی بێڕه‌وشتی و به‌پێی هه‌ندێک پێوه‌ری خوارخێچ لێکیان دایه‌وه که مرۆڤ شه‌رم ده‌کات ته‌نانه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکات!
دیارده‌ی فره‌ژنی له ده‌ره‌وه‌ی خواستی شۆڕشی ژینا، وه‌ک شۆڕشێکی سه‌رانسه‌ری کوردستان ناکرێت شیکاریی بۆ بکه‌ین، ئه‌م ڕابوونه هێنده‌ی له ئاستی سیاسی‌دا لێدانه له سیستمی تۆتالیتا‌ر و دیکتاتۆری پیاوسالاری و ئاینی، هێنده‌یش هاواری ڕزگاریی جه‌سته‌یه له‌ژێر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایدۆلۆجیا ئاینی و نائاینییه‌کاندا، هێنده‌ی سه‌رپێچییه له سه‌پاندنه‌کانی ئاره‌زووه نێرسالاره‌کان، ده‌هێنده گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی به‌رگریی و که‌رامه‌ته بۆ جه‌سته‌ی ژن له ده‌ره‌وه‌ی هاوکێشه‌ی سێکسیزمی پیاوسلارانه‌ی که‌ونارا! هاوکێشه‌کانی بازاڕ و بارگانیپێوه‌کردنی کۆن و نوێ! په‌رچه‌کرداری زۆربه‌ی خه‌ڵک و چالاکانی ڕه‌خنه‌گه‌ر، ئه‌مجاره و له هه‌مبه‌ر ئه‌م دۆسیە تازه‌یه‌ی فره‌ژنی، ڕه‌خنه‌کردنی ڕادیکاڵی ژنان و هوشیارییان بوو بەوەی چۆنچۆنی مل ده‌ده‌ن به وه‌ها هاوکێشه‌یه‌کی ناعادلانه و چه‌وسێنه‌رانه و ژیانێکی وا هه‌ڵده‌بژێرن که له‌گه‌ڵ چه‌ند ژن و هاوڕه‌گه‌زی خۆیان خزمه‌تی شه‌هوه‌ت و خواسته سێکسییه‌کانی یه‌ک پیاوی هاوبه‌ش ده‌که‌ن؟ ئه‌م ڕه‌خنه‌یه له ژنان خۆیانه‌وه بۆ ژنان، ده‌کرێت وه‌ک هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه ببینین