ئه‌و په‌پووله‌یه‌ی ئێران مووشه‌كێكی "فاتیح 110"ی پێوه نا، به ناوكی پرتهقاڵێكیش ده‌مرد، به‌ڵام جۆری مردنه‌كه جیاواز ده‌بوو، له یه‌كه‌مدا وه‌ك بینیمان كۆماری ئیسلامیی ئامانجه‌كه‌ی پێكا و ژینای كرد به درێژه‌پێده‌ری شۆڕشی "ژینا ئه‌مینی" كه بۆ یه‌كه‌م جار دوای 44 ساڵ، پایه‌كانی حوكمڕانی كۆماری ڕیش و عه‌مامه، به وزه و ئازایی ژنی كورد كه‌وته له‌رزین و وایكرد هه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، زیندووتر و تێكه‌ڵ ببنه‌وه كه هه‌ر ئێران خۆی به ملیاران دۆلاری تێدا خه‌رج كردووه بۆ دابڕانی كوردی پارچه‌كان لە یەکتر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌پووله‌كه خۆی بمردایه، كه‌سمان نه‌مانده‌زانی و ون ده‌بوو، كه‌واته ڕاسته ژینای هه‌ولێر به ته‌مه‌ن بچووكه، به‌ڵام به مه‌غزا و قووڵایی ده‌رخستنی رقی دوژمنه‌كانی كورد، باڵای له ئاسمانه.
ئێران له‌وێوه رقی له ژینایه كه داوای ژیان و ئازادی ده‌كات، ئه‌م داوایه لێدانه له بنه‌ماكانی كۆماری ئیسلامیی كه خۆی له‌سه‌ر گه‌وجاندن و كۆنه‌په‌رستی بنیات ناوه، ئه‌وه‌یش ئۆتۆماتیكی ژیان ده‌كوژێت، جا ئێسته كه دوو ساڵه شۆڕشه‌كه‌ی ژینا ئه‌مینی خه‌وی له ئه‌قڵه‌كانی پشت به‌ڕێوه‌بردن و ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ته‌كانی ئێران زڕاندووه، بۆیان هه‌زم ناكرێت له ڕۆژهه‌ڵات ژینایهك بكوژن و له باشووری كوردستان كه‌سایه‌تییه‌كی به‌رزی وه‌ك پێشڕه‌و دزه‌یی به له‌دایكبوونی كچه‌كه‌ی، ژینا زیندوو بكاته‌وه و كاروانه‌كه‌ی ژیان ڕه‌نگین بكات، بۆیه ڕقه‌كه‌ی ئێران ئه‌وه‌نده خه‌می كوردی له پشته‌وه‌یه، به مووشه‌ك نه‌بێ به‌تاڵ نابێته‌وه.
ژینا به‌شێكه له‌و حه‌زه قووڵه‌ی كورد بۆ ژیان هه‌یه‌تی، تۆ ورد ببه‌وه زۆر له كچی كورد ناویان ژیان و ئه‌ژین و ژینا و ژینە، كه‌واته كولتووری ژیاندۆستی له‌ناو هه‌موو ماڵباتێكی كورددا ڕه‌گی داكوتاوه و ئه‌م میله‌ته ده‌ستبه‌رداری ژیان نابێت، هه‌ر له‌وێوه ئه‌م مه‌یلی مانه‌وه و به‌رگرییه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بۆیه سه‌تان ساڵه دوژمنانی كورد سه‌ركوتی ئه‌م گه‌له ئازادیخوازه ده‌كه‌ن و جگه له خه‌ڵكه‌كه‌ی، خاك و ئاوه‌كه‌یشی كوێر ده‌كه‌نه‌وه و به‌وه‌یشه‌وه دڵیان ئاو ناخواته‌وه ڕۆژانه كاڵای ژه‌هراویی بۆ ده‌نێرن، بەڵام کورد لەناو ناچێ.
ئه‌م ژیاندۆستییه‌ی كورد، هۆكارێكی سه‌ره‌كیی ترسی گه‌لانی سه‌رده‌ستی ناوچه‌كه‌یه، له‌وه‌ی كورد ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێت، به خێرایی گه‌شه ده‌كات و نموونه‌یه‌كی جوان پێشكه‌شی ژیار و ژیان ده‌كات، هەر ئەمە وایکردووە ئه‌وانی نه‌یار شه‌و و ڕۆژیان خستووه‌ته سه‌ریه‌ك و هێزیان له خۆیان بڕیوه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یه‌ڵن كورد بگات به سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌وه‌تا ئابووری خۆیان هه‌مووی خستووه‌ته خزمه‌تی تیرۆر و میلیشیای وڵاتانه‌وه، بۆیه ڕاپۆرتی لیژنه‌ی ئابووری په‌رله‌مانی ئێران ده‌ڵێ، 45%ی خه‌ڵكی وڵاته‌كه ساڵی یه‌ك جار ده‌توانن گۆشت بخۆن، له به‌رانبه‌ردا نیوه‌ی هه‌رێمی كوردستان رێجیم ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له خۆشخۆریی كه‌م بكاته‌وه له‌پێناو جوانی، جا ئێران چۆن ئه‌مه قبووڵ ده‌كات؟
قبووڵی ناكات و هه‌موو تواناكانی خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی ئه‌م ژیانه له كورد بسێنێته‌وه، بریكاره‌كانی له به‌غدا هان ده‌دات مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری كوردستان نه‌نێرن و گرووپه تیرۆرستییه‌كانی پڕچه‌ك ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی درۆن ئاراسته‌ی هه‌ولێر بكه‌ن و خۆیشی كه گه‌وره‌ی خراپه‌كارانه، مووشه‌ك ده‌نێرێت، له كاتێكدا ڕێیه‌كه‌ی تر زۆر ئاسانه كه بریتییه له به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی و به‌كارهێنانی بودجه‌ی وڵاتەکەی و عێراق /کە دەستی بەسەردا گرتووە/ له باتی پاڵپشتی تیرۆر، با بیخاتە خزمه‌تی بووژانه‌وه‌ی ژیانی دانیشتووانی كۆماری ئیسلامییه‌وه.
به‌ڵام له‌وێدا ده‌بێ سوپاسی بكه‌ین كه هه‌ركات كورد كه‌لێنی تێده‌كه‌وێت و به‌رهه‌می ئه‌و ملیاران دۆلاره‌ی كۆمار خه‌رجی ده‌كات بۆ لێكترازانی ئه‌م گه‌له و گومانخستنه ناو پێوه‌ندیی قووڵی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به ناردنی له‌شفرۆش و ماده‌ی هۆشبه‌ر و سیخوڕ، له فاتیح 110یه‌كدا ریسه‌كه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه خووری و كورده مهردهكانیش دهئاڵێنێتهوه له دۆزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یان، ئیتر هاوكێشه‌كه دێته‌وه بۆ سه‌ره‌تا و خه‌ڵكی كوردستان به‌توندی ده‌ست به‌و بیركردنه‌وه‌وه ده‌گرنه‌وه كه ئێران دوژمنی ژیانه و ئێمه‌یش ئاشقی ژیان، كه‌واته ڕێگەکانمان قه‌ت یه‌ك ناگرێته‌وه و هه‌ر ده‌بێت ژیاندۆستان سه‌ربكه‌ون.