چالاكێكی مەدەنی سنە لەسەر هەڵنەواسینی وێنەی خامنەیی گیرا

:: AM:10:30:04/10/2020 ‌
ئۆفیسی راوێژكاری  یاسایی و موڵكوماڵی موختار زارعی چالاكی مەدەنی سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن هێزە تەناهییەكانی ئەم وڵاتەوە بەهۆی هەڵنەواسینی وێنەی خومەینی و خامنەیی داخرا.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە، هێزەكانی سەر بە فەرمانگەی "ئەماكن"ی شاری سنە، هەڵیانكوتاوەتە سەر نووسینگەی ئەو چالاكە و گرتوویانە و نووسینگەكەشیان داخستووە.

هێزەكان سەر بە ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران بوون
هێزەكان سەر بە ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران بوون و هەر ئەو هێزانە پێشتر داوایان لە موختار زارعی كردبوو، وێنەی خومەینی و خامنەیی لە شوێنی كارەكەی هەڵواسێت، بەڵام ئەو ملی نەدابوو بۆ ئەو داواكارییەیان.

پێویستە بگوترێ 12 كەس لەو ئۆفیسە سەرقاڵی كاركردن بوون كە سەرجەمیان لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە بە زۆر لە ئۆفیسەكە بەدەر نراون.

موختار زارعی چالاكێكی ناسراوی شارەكەیە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ناوەندە تەناهییەكانەوە بانگ كراوە و لێپرسیەنەوەی لەگەڵ كراوە، چەندان جاریش دەستبەسەر كراوە.

دوو ساڵ لەمەوبەریش دوای بانگكردنی بۆ دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی بێڕێزی بە ڕێبەری ئێران، تێكدانی بیروڕای گشتی و پڕوپاگەندە دژی حكوومەت، دەستبەسەر كرابوو.



وشە - سلێمان تاشان