هۆكاری وەستانی سەردانەكانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەكرێت

:: PM:06:42:04/10/2020 ‌

گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا نەوەستاوە و بەهۆی ئەو دۆخەی لە بەغدا هەیە، بە شێوەیەكی كاتی دوا خراوە.
چەند لایەنێكی سیاسی گوشار دەخنە سەر بەغدا
حەسەن ئالی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، دۆخی ئێستەی بەغدا و سەرقاڵبوون بە بابەتی پاراستنی نێردە دپلۆماسییەكان و تەنگژەی دارایی، كە حكوومەتی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بێتوانایی لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و چەند بابەتێكی تر، بوونەتە هۆی دواكەوتنی سەردانیكردنی شاندی هەرێم بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان و رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ بەغدا.  

زیاتر گوتی، گفتوگۆكان لەبارەی بودجەی 2021 بۆ زانینی پەرەسەندنەكانی دۆخی ئابووری دوا خرا، بۆیە ئەوەی هەرێم هیچ هەڵوەشاندنەوەی سەردان و رێككەوتن لەئارادا نییە و ئەوەی هەیە دواخستنی سەردانەكانە تا باشبوونی دۆخەكە لە بەغدا، بۆ ئەوەی رێگە بۆ واژووكردنی رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی نەوت و دارایی لە نێوان هەردوو حكوومەت خۆش بێت.

لای خۆیەوە ئیدریس شەعبان، پەرلەمانتاری كوردستان چەند لایەنێكی سیاسی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەوڵی گوشارخستنە سەر حكوومەتی عێراق دەدەن، لەپێناو رێگرتن لە رێككەوتنی كۆتایی هەولێر و بەغدا، روونی كردەوەن ئەوەی رێگری لە رێككەوتنی كۆتایی دەكات، بوونی چەند لایەنێكی سیاسییە گوشار دەخنە سەر بەغدا بۆ ریگرتن لە رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، ئەو پێشبینی كرد هەولێر و بەغدا لە رۆژانی داهاتوو بگەن بە رێككەوتنێكی فرەوان لەبارەی نەوت و دەروازە سنوورییەكانەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل