زەحمەتكێشان و سۆسیالیست: كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسییە نەك ئابووری

:: PM:09:57:27/04/2020 ‌

كاردانەوە دژی هەوڵە شۆڤێنییەكان لە بەغدا بۆ بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان بەردەوامە، بەرپرسانی هەردوو حزبی زەحمەتكێشان و سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پرسی بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان بە سیاسی وەسف دەكەن، دووپاتی دەكەنەوە، بەغدا نە بە هاوبەشی راستەقینە رازییە نە بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە.
بە پێی یاسا دەبوایە بۆ ئەمساڵیش رێككەوتنەكەی پار جێبەجێ بكرێت
 شوان محەمەد، ئەندامی  مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە "وشە"ی  راگەیاند، پێمان وایە ئەوەی ئێستە دەگوزەرێ، دەرخەری ئەو راستیەیە كە حكوومەتی عێراق دەیەوێ گوشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، كێشەیەكی سیاسییە نەك ئابووری، حكوومەتی  عێراقی دەیەوێ دۆخی ناڵەباری كوردستان بقۆزێتەوە.

 زیاتر گوتی، ئەوان لێناگەرێن كورد ئاسوودە بێت، بۆیە دەبینین لەلایەك رێگە بە جیابوونەوە و سەربەخۆیمان نادەن، وەك بینیمان لە ریفراندۆم چیان پێ كردین، لەلایەكی ترەوە مافەكانمان دابین ناكەن، كە باسی دەستووریش دەكرێت، خۆیان بە پارێزەری دەستوور دەزانن و جێبەجێیشی ناكەن،  بەڵگە بۆ ئەوەیش بینیمان مادەی 140ی دەستووریان جێبەجێ نەكرد و هاوبەشی كوردیشیان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان پێ قبووڵ نییە، ئێستەیش گرفت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست بووە و خەڵكی كوردستان بووەتە سووتەمەنی.

 لای خۆیەوە عادل مەلا ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسالیست دیموكراتی كوردستان، لەسەر هەمان پرس بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی ئێستە وەك كێشە و ململانێ لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، كێشەیەكی سیاسییە نەك ئابووری بە پلەی یەكەم.

 روونی كردەوە، پەشیمان بوونەوەی حكوومەتی عێراق لە رێككەوتنی ساڵی پار لەگەڵ هەرێمی كوردستان، مایەی نیگەرانی و پرسیارە كە دەبوو بە پێی یاسا بۆ ئەمساڵ 2020یش ئەو رێككەوتنەی پار، جێبەجێ بكرێت، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست، بۆ دۆخی ئێستە یەكگوتاری و یەكدەنگی كوردی بە پێویست زانی.

 حەسەن عەلی، وەك داكۆكیكارێكی ئەنفال، لەبارەی سەرهەڵدانی ئەم كێشەی كە بەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی گرتووە، بۆ"وشە" گوتی، ئەوانەی ئێستە داكۆكی لە بەغدا دەكەن و دژی خەڵكی كوردستان و حكوومەتەكەی دەوەستنەوە، دەبێ ئەوەیان بیر بێت كە ساڵانێك حكوومەتی عێراق بە پارەی نەوتی كوردستان، كوردستانی ئەنفال و كیمیاباران دەكرد.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل