گیراوێكی كورد لە سێدارە درا

:: AM:09:03:10/06/2020 ‌
گیراوێكی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سێدارە درا کە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەستی بەسەردا سەپێنرابوو.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، هاووڵاتییەكی خەڵكی پیرانشار كە بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست حوكمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە گرتووخانەی ناوەندیی نەغەدە حوكمەكە جێبەجێ كرا.

حوكمی سێدارەی گیراوێكی تەمەن 40 ساڵی خەڵكی پیرانشار بە ناوی "ڕەحیمی یوسفی" لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە جێبەجێ كراوە


باس لەوەش كراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوكمی سێدارەی گیراوێكی تەمەن 40 ساڵی خەڵكی پیرانشار بە ناوی "ڕەحیمی یوسفی" لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە جێبەجێ كراوە. 

ڕوون كراوەتەوە، ئەو گیراوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێكردنی حوكمەكەی، بۆ ژووری تاكەكەسی گرتووخانە گوازرابووە وە و هەوڵەكانی چالاكانی مەدەنی و خەڵكی پیرانشار بۆ لێخۆشبوونی ئەو كەسە، لەلایەن بنەماڵەی كوژراوەكەوە بێ ئاكام مایەوە.

ڕەحیم یوسفی،  خەڵكی گوندی سوغانلووی پیرانشار، سێ ساڵ پێش ئێستە و دوای 13 ساڵ، خۆویستانە ددانی بە كوشتنی نائەنقەستی هاوڕێیەكی خۆی ناوە و دواتر دەستبەسەر كرا و حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

لە ددانپێدانەكاندا ڕەحیم گوتوویەتی لەگەڵ هاوڕێكەی بە ناوی "خالید نەزاكەت" لە ناو ئۆتۆمبێل دانیشتبوون و چەكیان تاقی كردووەتەوە، فیشەكێك دەرچووە و لە خالیدی داوە، بۆیە ئەو كوشتنە بە ئەنقەست نەبووە.



وشە - رامیار جەواد