راپۆرتێك: سعوودیە سێیەمین جەنگی نەوت لەگەڵ ئەمەریكا دەدۆڕێنێت

:: PM:08:03:10/06/2020 ‌

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سعوودیە دوو جەنگی لە بازاڕی نەوت هەڵگیرساندووە لە رێگەی دەستكاریكردنی نرخی نەوت، بەڵام دۆڕاندوویەتی، نزیكە جەنگی سێیەم هەڵبگیرسێنێت، بەڵام لەویش سەركەوتوو نابێت، وەك شرۆڤەیەكی ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایز"ی تایبەت بە بازاڕی وزەی بڵاوی كردەوە. 
كەرتی نەوتی بەردینی ئەمەریكی توانای خۆگونجانی هەیە
وەك لە شرۆڤەكەدا هاتووە، پیشەسازی نەوتی بەردینی ئەمەریكی، مەبەستی سەرەكیی دوو جەنگی نرخی نەوتی دوایی بووە، لە جەنگی یەكەم لە نێوان 2014-2016دا، سعوودیە دەیویست پەرەپێدانی كەرتی نەوتی بەردینی ئەمەریكا بوستێنێت، ئەوكات كاری بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت كرد و نەوتێكی زۆری بەرهەم هێنا، بەوەیش چەندان كۆمپانیای نەوتی بەردین مایەپووچ بوون، تا رادەی نەمانی كەرتەكە بە هەڕەشە بۆ سەر باڵادەستیی سعوودیە بەسەر بازاڕی نەوت.

هەرچی جەنگی دووەمە كە تازە كۆتایی هاتووە، ئامانجی ریاز هەمان شت بوو، لێدانی كەرتی نەوتی بەردینی ئەمەریكی، جیا لە رێگرتن لە بەرهەمهێنەرانی نەوتی بەردینی ئەمەریكی لە بەدەستهێنانی گرێبەستی نەوت، ئەوەیش لە رێگەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بە پێی رێككەوتنەكانی ئۆپێك و ئەواپێك بۆ ئەو مەبەستە. 

لەدوای جەنگی یەكەم دەركەوت سعوودیە خەمڵاندنی هەڵەی هەبووە سەبارەت بە توانای بنیاتنانەوەی كەرتی نەوتی بەردینی ئەمەریكا و پەرەپێدانی بەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی كەمتر بكاتەوە، بۆیە دوای دوو ساڵ كورتهێنانی بودجەی سعوودیە گەیشتە 98 ملیار دۆلار و لەو ماوەیەدا 250 ملیار دۆلاری لە یەدەگی دراوی بیانی لەدەست دا، بەوەیش دۆڕاندیان، بە هەمان شێوە لە جەنگی دووەم و هەر جەنگێكی تر دەیدۆڕێنن.

شرۆڤەكە ئاماژە دەكات، ئەوانە دەریانخست كە كەرتی نەوتی بەردینی ئەمەریكی توانای خۆگونجانی لەگەڵ نزمبوونەوەی زۆری نرخی نەوت و بۆ ماویەەكی دوورودرێژ هەیە، تا رادەی سعوودیە بەرەو مایەپووچبوون ببات، بۆیە سعوودییەكان ناتوانن لەوە زیاتر چاوەڕوانی رووخانی كەرتی نەوتی بەردینی ئەمەریكا بن.

 هاوكات ئەگەر نرخی نەوت بەرزیش ببێتەوە، سعوودییەكان دیسان زەرەر دەكەن، چونكە ئەمەریكا رێگە نادات نرخەكەی لە 70 دۆلار بەروتر ببێتەوە كە لەرووی ئابووری زەرەر دەكات، كاتێك ساڵی رابردوو نرخەكەی گەیشتە سەرووی 70 دۆلار، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە شا سەلمان ناتوانێت بێ پاڵپشتی سوپای ئەمەریكا دوو هەفتەی تر لە دەسەڵات بمێنێتەوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل