"گرتنی ئەندامانی حەشدی شەعبی سەرەتایەكە بۆ پۆلێنكردنیان وەك تیرۆریست"

:: PM:03:51:27/06/2020 ‌

شەوەی پێنجشەم لەسەر هەینی رابردوو هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بە پاڵپشتی هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا هێرشێكی مووشەكیان لە ناوچەی دۆرەی بەغدا پووچەڵ كردەوە و ئەنجامدەرانیان گرت، پەیمانگەی واشنتن ئاماژە دەكات ئەو هەنگاوە هەلێك بە واشنتن دەبەخشێت بۆ پۆلێنكردنی ئەو گرووپانە وەك تیرۆریست.
كازمی هەوڵی بەهێزكردنی پێگە و دەسەڵاتی حكوومەت دەدات
شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی هێزێكی دژەتیرۆری عێراق بە پاڵپشتی هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا ئۆپراسیۆنێكیان لە ناوچەی دۆرە ئەنجام دا و تیایدا ژمارەیەك ئەندامی حزبوڵا و نەجەبا و عەسائیبیان گرت كە لە رێگەی چەند سەكۆیەكی ئامادەكراوەوە، سەرقاڵی خۆسازدان بوون بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەكی بۆ سەر چەند ئامانجێك لە بەغدا.

لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، لەلایەن ئەمەریكا لە بەغدا، گرووپە چەكدارەكانی شیعەی نزیك لە ئێران لە رێگەی پەرلەمانەوە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكایان تێپەڕ كرد، هەروەها ئێران و میلیشیاكان چەندان هێرشی مووشەكیان بۆ سەر بەرژەوەندییوەكانی ئەمەریكا ئەنجام دا، لەوكاتەی ئەمەریكا داوای لە عێراق كرد بۆ كاركردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و گفتوگۆیەكی ستراتیجی لەگەڵ بەغدا دەست پێ كرد.

پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی نزیك، ئەمڕۆ شەموو لە راپۆرتێكی ئاماژەی كرد، گرتنی چەند ئەندامێكی حەشدی شەعبی، هەلێك بە واشنتن دەدات بۆ هاندانی وڵاتان بۆ پۆلێنكردنی ئەو هێزە بە تیرۆریست و خستنی بۆ ناو لە لیستی تیرۆر.

راپۆرتەكە روونی كردەوە، ئەمەریكا و بەریتانیا بەتوندی لەگەڵ ئەوەن گرووپەكانی حەشدی شەعبی وەك تیرۆریست پۆلێن بكرێن، بۆیە بەرپرسانی ئەمەریكا وڵاتان هان دەدەن بەو ئاراستەیە و رەنگە وڵاتانی ئەوروپا بەو ئاراستەیە هان بدات.

راپۆرتەكە رێنوێنی دەدات بەوەی پێویستە یارمەتی عێراق بدرێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو كارانە، چونكە حكوومەتی مستەفا كازمی، هەوڵی گەیشتن بە پێگەیەكی بەهێز و سەلامەت دەدات، هەروەها عێراق پێویستی بە هاندان و پاڵپشتی بەهێز هەیە بۆ پەرەپێدانی هێزێكی تەناهی لە ناوچەی سەوز و وڵاتانی دنیایش دەتوانن زانیاری هەواڵگری بۆ دابین بكەن.

لە رێنوێنی تر رێگە واڵاكردنە لەبەردەم حكوومەتی كازمی بۆ كەمكردنەوەی مووچە و كۆنترۆڵكردنیان و وردبینیكردن و هەڵوەشاندنەوەی چەند یەكەیەكی ئەو هێزانە، لەوانە لیواكانی 45 و 46 و 47. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل