خورماتوو.. میلیشیاكان نارنجۆك داوێنە ماڵە كوردەكان

:: PM:09:19:27/06/2020 ‌

بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ماوەی 10 رۆژ كەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ لە شارۆكەی خورماتوو، یەكێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەر بە پارێزگەی سەڵاحەین، راگەیەندرا، كەچی میلیشیاكان بە دەمامكەوە ماڵە كوردەكان دەكەنە ئامانج.
ئەنجامدەران هێشتا نەگیراون
ژمارەیەك هاووڵاتی كوردی گەڕەكی رزگاری شارۆكەی خورماتوو، "وشە"یان ئاگەدار كردەوە كە سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆ و راگەیاندنی پشوو لە داودەزگا حكوومەتییە سەپێنراوەكانی شارۆكەی خورماتوو، كەچی كەسانی خراپەكار بە پاڵپشتی میلیشیا شیعەكان، لە كردنەئامانجی هاووڵاتییانی كورد و ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی بەردەوامن.

 سیروان حەسەن، هاووڵاتییەكی نیشتەجێی گەڕەكی رزگاری شارۆكەی خورماتووە، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد،ئەمڕۆ شەموو 27ی حوزیران، نارنجۆكێك و دەبەیەك (تی ئێن تی)، فرێدراوەتە مالێكەوە، بەڵام پێش تەقاندنەوەی پووچەڵ كراوەتەوە .

بۆ بەدواداچوونی ئەو هەواڵە، "وشە" پێوەندی بە عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو كرد، ئەو زانیارییەكانی پشتڕاست كردوە و رای گەیاند، ئەوكەسانەی بەوكارە هەستاون، لە كامێرا بینراون كە دەمامكیان بەستووە و ماتۆرسكیلیان پێ بووە .

زیاتر گوتی، ئەنجامدەران هێشتا نەگیراون، بەڵام هەوڵەكان بەردەوان بۆ گرتنیان.

شایەنی باسە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كەباڵێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، ناوچە كوردستانییەكانی رادەستی میلیشیا شیعەكان و سوپای عێراق كرد، ماوەی سێ ساڵە كوردانی ئەو ناوچانە رووبەڕووی تیرۆر و تۆقاندن و راگواستنی زۆرەملێ دەبنەوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل