شیوعی: كەس مافی ئەوەی نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات

:: PM:01:06:28/06/2020 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، كەس مافی ئەوەی نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە بەخوێنی شەهیدان دروست بووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 28ـی حوزەیران، محێدین حەسەن سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، قەوارەی هەرێمی كوردستان هەزاران كەس خۆیان بۆ بەكوشت داوە و هەزاران كەس خەباتیان بۆ كردووە، بۆیە رەنگە ڕەخنە هەبێت، بەڵام ناكرێ هەندێك ناهەقی بكرێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی بكرێت.

مافی هیچ كەسێك نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات
سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی گوتی، مافی هیچ كەسێك نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات، تەنیا مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە قسەی لەسەر بكات، هەروەها گوشارێكی زۆر هەیە لەسەر باشووری كوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ‌ و ئێستە كاتی ئەو بابەتە نییە.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە، ئەوا دۆخەكە هاوشێوەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت و دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت.

ڕوونی كردەوە، پێویستە بزانرێت هەموو وڵاتانی دراوسێمان لەسەر هیچ شتێك كۆك نەبن، لەسەر بابەتی كورد كۆكن كە دەیانەوێ بیتەپێنن، بۆیە پێویستە چاكسازی بكرێت و دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان باش بكرێت.



وشە - رامیار جەواد