ھێزه‌كانی ھاوپه‌یمانان به ھاوكاری ھێزی پێشمه‌رگه ئۆپراسیۆنێكیان دژی داعش له مه‌خموور ده‌ست پێ كردووه، چه‌ندان مۆڵگه‌ی داعشیان كردووه‌ته ئامانج و زیانی زۆریان پێ گه‌یاندوون. به‌رپرسێكی پارتیش رای ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیی چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كه، پێویسته هه‌رێم و به‌غدا رێك بكه‌ون.
تا ئێسته 18 چه‌كداری داعش كوژراون
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ی حوزه‌یران، كرمانج عه‌بدوڵا به‌رپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان له مه‌خموور به "وشه"ی راگه‌یاند، چه‌ند رۆژێكه ھاوپه‌یمانان ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانییان به ھاوكاری و زانیاری ھێزی پێشمه‌رگه له سنووری شارۆكه‌ی مه‌خموور ده‌ست پێ كردووه، چه‌ندان مۆڵگه‌ی داعشیان كردووه‌ته ئامانج و زیانی زۆریان پێ گه‌یاندوون، به‌پێی زانیارییه‌كان تا ئێسته 18 چه‌كداری داعش كوژراون .
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ئه‌و جۆره ئۆپراسیۆنانه كاریگه‌رییان ھه‌یه له‌سه‌ر جموجووڵی داعش، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كه كاتییه و ناتوانێت داعش بنبڕ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی تیرۆریستان له چالاكی خۆیان له وه‌رگرتنی سه‌رانه و چوونه سه‌ر گونده‌كان و ئازاردانی خه‌ڵك به‌رده‌وامه و جموجووڵیشیان گه‌لێك زۆره .
"ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ن، پێویسته سه‌ره‌تا له‌ڕووی سیاسی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت دواتر سه‌ربازی، چونكه دۆخی سیاسی له عێراق باش نییه و پێویسته له نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتن بكرێت و ئه‌و بۆشاییه‌ی ھه‌یه پڕ بكرێته‌وه، ئه‌وكات ده‌توانرێت كۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكرێت". كرمانج عه‌بدوڵا وای گوت.
به‌رپرسی لقی مه‌خمووری پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئێسته دۆخی سیاسی له عێراق جێگیر نییه، بۆیه تا ئێسته هه‌ولێر و به‌غدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن و پێویسته رێككه‌وتن ھه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و ناوچانه ئاسایی بێته‌وه.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراهیم