"باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە"

:: PM:09:28:30/06/2020 ‌

تا دێت كاردانەوەكان دژی ئەوانەی بانگەشەی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، زیاد دەبێت، ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە دەكات، خەبات و قوربانیدانی چەندان ساڵ بۆ دروستكردنی قەوارەی هەرێم بووە، بۆیە ئەو بابەتە هێڵی سوورە.
بەرهەمی خەباتی چەندان ساڵەی كوردە
خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەم 30ی حوزەیران بە "وشە"ی راگەیاند، قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە رۆژێك و دوو رۆژ بنیات نەنراوە تا بەوئاسانییە هەڵوەشێتەوە، بەڵكو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی چەندان ساڵەی گەلەكەمانە.

دووپاتی كردەوە، باسكردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان، هێڵی سوورە لەلایەن هەركەسێكەوە باس بكرێت، چونكە بەهۆی ئەم قەوارە سەربەخۆیەوە هەموومان دەتوانین بە ئازادی بیروڕای خۆمان دەربڕین.

لە چەند رۆژی رابردوودا لێدوانێكی سۆران عومەر، كۆنە ئەندامی ئەنسارولئیسلام و پەرلەمانتاری ئێستەی كۆمەڵی ئیسلامی، كاردانەوەی توندی لەلایەن حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە لێ كەوتەوە، كاتێك باسی لە هەڵوەشاندنەوەی قەواڕەی هەرێمی كوردستان كرد.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل