لەبارەی دامەزراندنی نوێ‌ "وشە" زانیاری ئاشكرا دەكات

:: AM:09:10:01/07/2020 ‌
ماوەی چەند ڕۆژێكە چەند جۆرێك فۆڕم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بوونەتەوە و تێیاندا بەناوی حكوومەت، ناوی ئەو كەسانە دەنووسرێت كە دانەمەزراون و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دایاندەمەزرێنێت، یان حكوومەتی عێراق بڕی یەك ملیۆن دیناریان پێ‌ دەدات. سەرچاوەیەكیش دەڵێ هەموو ئەوانە ساختەن.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، دلاوەر سەباح شارەزای بواری تەكنەلۆجیا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو فۆڕمانەی بەناوی دامەزراندن و هاوكاری كە ئێستە بڵاو دەبنەوە، هەموویان ساختەن و پێویستە هاووڵاتییان هۆشیاربن.

ئەو فۆرمانەی تر سەرجەمی ساختەن و لە گووگڵ دروست دەكرێن
ئەو شارەزایە گوتی، هەر فۆڕمێكی دامەزراندن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت، بە ئاشكرا ڕادەگەیەنرێت و پاشگری krd بەسەرەوە دەبێت، هەروەها هەر فۆڕمێك لە حكوومەتی عێراق هەبێت پاشگری iq بەسەرەوە دەبێت، ئەو فۆرمانەی تر سەرجەمی ساختەن و لە گووگڵ دروست دەكرێن.

ئەو شارەزایە باسی لەوە كرد كە لە هیچ شوێنێكی دنیا نییە حكوومەت كاتێك كەسێك دابمەزرێنێت، داوای پاسۆردی ئیمەیڵەكەی بكات، لەو دوو جۆرە فۆڕمە ئەوەت لێ‌ داوا دەكرێت، بۆیە پێویستە گەنجان بەهیچ شێوەیەك ئەو فۆڕمە پڕ نەكەنەوە.

ماوەی هەفتەیەكە فۆڕمێك بەناوی دامەزراندن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فۆڕمێكی تر بەناوی پێدانی هاوكاری لەلایەن حكوومەتی عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاو بوونەتەوە، چەندین كەس بەو هۆیەوە ئەكاونتی گووگڵەكەیان لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد