ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:56:01/07/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك بابەت بكرێت، لەوانە چاكسازی و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی و هەفتانەی خۆی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكوومەت و ئەندامانی كابینەی نۆیەم لە رێی ڤیدیۆ كۆنفرانس ساز دەكات.

لە كۆبوونەوەكەدا پرۆسەی دانوستانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ و هەنگاوە كردارییەكانی چاكسازی،  باس دەكرێت
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە باسی لەوە كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا پرۆسەی دانوستانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ و هەنگاوە كردارییەكانی چاكسازی، رێكار و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی و پێشنووسی بڕیاری تایبەت بە راسپاردەی چاكسازی لە داهاتی گشتی، پەرەپێدانی هاوبەش لە هەردوو كەرتی تایبەتی و گشتی و سیستمی باج باس دەكرێت.

ڕوونی كردووەتەوە، پرۆگرامی بایۆمەتری لە هەرێمی كوردستان و پێشنیازەكانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان لەبارەی یاسای دامەزراندنی سندووقی پشتیوانیی دارایی نیشتەجێبوون، دەستەبەری كۆمەڵایەتی و پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری بەشێك لە گفتوگۆكان دەبێت.



وشە - رامیار جەواد