پەیامێك بۆ حزبە كوردییە بەعسییەكان

:: AM:11:03:01/07/2020 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، جێی داخە هەندێك حزب كادرەكانیان وا پەروەردە دەكەن كە سەردەمی سەدام حوسێن دنیا شامی شەریف بووە و ئێستە داوای داگیركردنی كوردستان دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، جێی داخە بۆ دژایەتی حكوومەت هەندێك حزب ئەندامی خۆی فێر دەكات سەردەمی دەسەڵاتداریەتی سەدام و بەعسییەكان، كوردستان شامی شەریف بووە.

خراپترین دەسەڵاتی كوردستان لە بەخشندەترین دەسەڵاتی داگیركەران باشترە
باسی لەوەش كردووە، ئەوان بۆ دژایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان، دژایەتی دەكەن و ئەگەر داعش هێندەی سەدام لە دەسەڵات بووایە، هێندە دڕەندەییەكەیان بۆ بەدیار دەكەوت چەندە مرۆڤ دەكوژن.

ڕوونی كردووەتەوە، ڕاستە گەندەڵی هەیە، بەڵام خراپترین دەسەڵاتی كوردستان لە بەخشندەترین دەسەڵاتی داگیركەران باشترە.

ئەو گوتانەی ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی لە كاتێكدایە چەند پەرلەمانتارێكی بەكرێگیراوی كورد بۆ لایەنێكی عێراق ئێستە كار دەكەن، هەموو هەوڵێكیان دەست پێ‌ كردووە بۆ دژایەتی هەرێمی كوردستان و لە میدیا عێراقییەكان بەئاشكرا ژێردەستەیی داوا دەكەن بۆ خەڵكی كوردستان.

لە چەند رۆژی رابردوودا لێدوانێكی سۆران عومەر كۆنە ئەندامی ئەنسارولئیسلام و پەرلەمانتاری ئێستەی كۆمەڵی ئیسلامی، كاردانەوەی توندی لەلایەن حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە لێ كەوتەوە، كاتێك باسی لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانی كرد.





وشە - رامیار جەواد