شەش پڕۆژەی كارەبا لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن

:: PM:12:25:01/07/2020 ‌
لە هەولێر و دەوروبەری دەست بە جێبەجێكردنی شەش پڕۆژەی كارەبا كرا و بڕیارە لە ماوی دوو تا چوار مانگی داهاتوو ئەم پڕۆژانە تەواو بكرێن كە بارگرانیی لەسەر فیدەرەكانی كارەبا كەم دەكەنەوە و وزەی كارەبا باشتر بە گەڕەكەكان دەگات.

حوسێن حەمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، ئەو شەش پڕۆژەیەی خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێكیان بەهۆی دابین نەكردنی گوژمەی پێویست وەستابوون، ئەركەكانیان لە ماوەی داهاتوودا كۆتایی پێ دەهێنن و بەشێكیشیان تازە دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە.

هاووڵاتییان پچڕانی كارەبا لەسەریان كەم دەبێتەوە.
ئەو روونی كردەوە، بارگرانییەكی زۆر لەسەر وێستگەكانی كارەبا لە گەڕەك و ناوچە جیاوازەكان هەبوو، بۆیەش بە تەواوكردنی ئەم وێستگانە ئەو بارگرانییە نامێنێت و هاووڵاتییان پچڕانی كارەبا لەسەریان كەم دەبێتەوە.

شەش پڕۆژەكە بریتین لە پڕۆژەی وێستگەی كارەبای كەسنەزان، وێستگەی كارەبای ئازادی نوێ، وێستگەی مۆبایلی دارەشەكران، وێستگەی مۆبایلی پیرداود لە شارەدێی شەمامك و چاككردنەوەی چوار محاویلە كە تووشی كێشە بووبوون.

پێویستە بگوترێ هێڵی گواستنەوەی كارەبا لە نێوان پارێزگاكان و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بە هێڵی 132kv  دەگوازرێنەوە و لە ناو شار و گەڕەكەكان پێویستە وێستگە هەبێت بۆ گۆڕینی ڤۆڵتییەی كارەبا بۆ ئەوەی بتوانرێ سوودی لێ وەرگیرێت بێ كێشە بۆ ماڵەكان بگوازرێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان