كازمی حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر كۆ دەكاتەوە

:: PM:07:22:01/07/2020 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی دواییدا لە هێرشێكی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بۆ سەر بارەگایەكی حزبوڵا لە ناوچەی دۆرەی بەغدا، 14 ئەندامی ئەو حزبەیان گرت كە سەرقاڵی هێرشێكی مووشەكی بوون بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەوەیش ناكۆكییەكی گەورەی دروست كرد، بەرپرسێكی حەشدی شەعبی دووپاتی كردەوە كازمی حەشدی شەعبی و دژە تیرۆری كۆ كردووەتەوە.
كۆبوونەوەكە بۆ كوژاندنەوەی ئاگری دووبەرەكی بوو
 ئەو كۆبوونەوە دوای ئەوە دێت شەوی پێنجشەمی رابردوو هێزەكانی دژەتیرۆر بە فەرمانی كازمی، هەڵیان كوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵا لە نزیك بەغدا و 14 ئەندامی ئەو حزبەیان بە دوو سەكۆی مووشەكییەوە گرت، ئەوەیش كاردانەوەی ناڕەزایی گەورەی لای گرووپەكانی حەشدی شەعبی دروست كرد تا رادەی هەڕەشەكردن لە كازمی، كە پێدەچێت كازمی نەرمی بەرانبەریان نواندبێت و گیراوانی ئازاد كرد.

موهەنەد عقابی، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندنی حەشدی شەعبی ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، ئەو كۆبوونەوە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بوو دوای رووداوەكەی دۆرە، بۆیە مستەفا كازمی وەك فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و دژەتیرۆری عێراق كۆ كردەوە، وەك دوو هاوبەشی لە جەنگی ئازادكردنەوەی عێراق.

ئەو بەرپرسەی حەشد روونی كردەوە، مەبەست لەو كۆبوونەوە بۆ كوژاندنەوەی ئاگری دووبەرەكییە كە هەندێك كەس هەوڵیان دا لە راگەیاندنەكان ئاگرەكەی خۆش بكەن دوای رووداوەكە و كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەیامێكە بەوەی ئەوەی رووی دا تێپەڕ دەبێت و هەردوو هێزەكە فەرمین و لەژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقن، لە كۆبوونەوەكەیش فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆكی دەزگەی دژەتیرۆری عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندەی تری هەردوولا ئامادە بوون. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل