بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی: هەفتەی داهاتوو هەنگاوی زیاتری چاكسازی جێبەجێ دەبێت

:: PM:09:50:01/07/2020 ‌

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان وردەكاری زیاتری هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی باس دەكات و حزبەكانی دەرەوەی حكوومەتیش، جێبەجێكردنی یاساكە بە هەنگاوێكی باش دەزانن بۆ ئەمڕۆی هەرێم.
یاسای چاكسازی بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری كارێكی باشە
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم 1ی تەمووز، بە "وشە"ی راگەیاند، لەمڕۆوە یاسای چاكسازی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەفتەی داهاتوویش كە دەوام دەستی پێ كردەوە، هەنگاوەكانی زیاتر جێبەجێ دەبن، مووچەی سەرجەم خانەنشینی پێشمەرگەیش دێتەوە لای ئێمە و لیژنەیەكی باڵاتر بە سەرجەم لیستەكاندا دەچێتەوە.

زیاتر گوتی، دوو مووچە و سێ مووچە سەرجەمیان ڕادەگیرێن، دەبێت هەموو مووچەخۆرێك یەك مووچەی هەبێ، ئەوەی بە نایاسایی خانەنشین كراوە، هەڵدەوەشێتەوە، پلە باڵاكان هەمووی كەم دەكرێتەوە، پلە نایاساییەكان دەبڕدرێن.

 لە بارەی ئەوەی كێن ئەوانەی دوو مووچە و سێ مووچەیان هەیە؟، بەرپرسە باڵاكەی حكوومەتی هەرێم گوتی، مووچەخۆر هەیە لە بەغدا مووچەی هەیە و لە كوردستانیش وەری دەگرێت، هەیە خانەنشینی پێشمەرگە بووە و گەڕاوەتەوە بۆ پێشمەرگایەتی و خانەنشینییەكەیشی وەرگرتووە، یان هەیە ئەیلوولە و لە سلێمانیش مووچەی وەرگرتووە، لەگەڵ سێكتەرەكانی تریش، كە ئەمانە هەمووی لە بایۆمەتریدا هەیە.

لای خۆیەوە رووپاك ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یاسای چاكسازی بەو جۆرە لەگەڵیداین كە دادپەروەری بەدی بێنێت و دوو مووچە و سێ مووچە نەهێڵێت.

روونی كردەوە، هیوادارین حكوومەت هیچ كەسێكی لێ بەدەر نەكات و یاساكە بەسەر هەموواندا جێبەجی بكات، بۆیە ئەگەر ئەوەی كرد دەستخۆشی لێ دەكەین.

لای خۆیەوە عەبدوڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یاسای چاكسازی بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری كارێكی باشە، بەڵام باشترە هەندێ قۆناغ ببڕێت، ئەوكات ئێمەش كاردانەوەمان لەسەری هەبێت.

دووپاتی كردەوە، بۆ ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان یاسای چاكسازی كارێكی باش و بوێرانەیە، دەستخۆشی لە هەموو كارێكی باش دەكەین.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل