"وشە" بڕیارە گرنگەكەی حكوومەت بۆ خوێنەران شی دەكاتەوە

:: AM:09:10:02/07/2020 ‌
لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار بە پەسەندكردنی هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە پڕۆژەكان درا، ئەوەیش بۆ یەكەمین جارە لە هەرێمی كوردستان شێوازێكی نوێی كار بەم شێوەیە بنیات بنرێت.

كەرتی گشتی و تایبەت Public -Private Partnership لەلایەن وەزارەتی پلاندانان ئامادە كراوە و لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند كرا.

لایەنی كەرتی تایبەت بەرپرسیارە لە ئەدای پڕۆژەكە و مەترسییەكان و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردن لە ئەستۆ دەگرێت
هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت چییە؟
هاوبەشیی كەرتی گشتی- كەرتی تایبەت بریتییە لە گرێبەستێكی دوورمەودا لە نێوان لایەنێكی حكوومی و لایەنێكی كەرتی تایبەت، بۆ دابینكردنی ژێرخان یان خزمەتگوزاریی گشتی، كە لایەنی تایبەت بەشێكی بەرچاوی مەترسییەكان و بەرپرسیارێتییەكانی بەڕێوەبردن لە ئەستۆ دەگرێت.
 
چۆنیەتی جێبەجێكردنی؟
دەكرێت لە پڕۆژەیەكی هاوبەشی كەرتی گشتی- كەرتی تایبەتدا، لایەنی كەرتی تایبەت تەنیا پارە لە خزمەتخوازان وەربگرێت، یان  حكوومەت هەندێك یان هەموو پارەكە دابین بكات. هەندێك لە ئەركەكانی پڕۆژە دەخرێنە ئەستۆی لایەنی كەرتی تایبەت وەك دیزاین، بنیاتنان، داراییكردن، بەكارخستن و پاراستن و چاككردنەوە، ئەمەش لە گرێبەستێكەوە بۆ گرێبەستێكی تر دەگۆڕێت، بەڵام لە هەموو كەیسەكاندا لایەنی كەرتی تایبەت بەرپرسیارە لە ئەدای پڕۆژەكە و مەترسییەكان و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردن لە ئەستۆ دەگرێت. ئەم جۆرە پڕۆژانە دەكرێت لە سەكتەرەكانی تەندروستی، كارەبا، ڕێگەوبان و زۆر بواری تر جێبەجێ بكرێت. 

ڕۆڵی حكوومەت لە پڕۆژەی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت چییە؟
لە پڕۆژەكانی هاوبەشیی كەرتی گشتی- كەرتی تایبەت، پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرەنتی رەوایەتی و دادوەری بكات و بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان بە تایبەت چینی كەمدەرامەت و هەژاران بپارێزێت. 

پاراستنی بەرژەوەندی و مافی هەژاران ئەرك و بەرپرسیاریەتی حكوومەت دەبێت
ئەگەرچی لە پڕۆژەی هاوبەشی كەرتی گشتی- كەرتی تایبەت، لایەنی كەرتی تایبەت خزمەتگوزاری گشتی دابین دەكات، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسە و خەڵك لێپرسینەوەی لێ دەكات، بۆیە ئەركی حكوومەتە چاودێرێكی رژد بێت و دڵنیایی ئەوە بكات كە پڕۆژەكە بە ئاستێكی بەرز و بێ كێشە و كەموكوڕی بەڕێوە بچێت، لە هەمان كاتدا پاراستنی بەرژەوەندی و مافی هەژاران ئەرك و بەرپرسیاریەتی حكوومەت دەبێت. 

سوودەكانی ئەو پڕۆژەیە:
1-بەشدارپێكردنی كەرتی تایبەت لە دروستكردن و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتییان و چینی هەژاران.

2-ڕەخساندن و فەراهەمكردنی دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتییان بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی لە كەرتی تایبەتدا.


3-ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی گەورە لە هەرێمی كوردستان كە دەبێتە هۆی پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی كوردستان.

4-هێنانەپێشەوەی سەرمایەداران و بەكارهێنانی سەرمایەكانیان بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی كە تێیدا هەردوولا (سەرمایەدار و هاووڵاتی) سوودمەند دەبن.

5-دڵنیاییدان لەوەی كە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بە كوالێتییەكی بەرز و شێوازێكی تەواو و ڕێكوپێكتر دەگاتە هاووڵاتییان.

كاریگەری هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لەسەر ئابووری وڵات چییە؟
1-دەبێتە هۆكارێكی خێرا بۆ دابینكردنی هەلی كار و هاتنی سەرمایە بۆ هەرێمی كوردستان.

2-بنیاتنانەوەی ڕێگەوبان و كەرتی گەشتیاری بەشێوەیەكی زۆر خێراتر لەوەی هەیە.

3-هاتنی سەرمایەكی زۆری وڵاتان و كۆمپانیاكان بۆ وڵاتەكەت.

4-بە دامەزراوەییكردنی مەرجی چاودێریی حكوومەت بۆ پڕۆژەكان، واتا حكوومەت دەتوانێت پڕۆژەیەك دوای تەواوبوونی %50ـی بەبوونی كێشەیەك لە پڕۆژەكە ڕەتی بكاتەوە و بە كۆمپانیای ڕاسپێردراو چاك بكات.

5-ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەی كە پێویستە بۆ دروستبوونی كار و ڕێگەوبانی گونجاو تا بتوانرێت یەكسانی لە بەرهەمی ناوخۆیی دروست بكرێت.

بۆ ئەو شیكردنەوەیە پشتبەستراوە بە زانیارییەكانی بریكاری وەزارەتی پلاندانان و شارەزایانی ئابووری.





وشە - رامیار جەواد