هیندستان لە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا خەریكە دەبێتە سێیەمی دنیا

:: AM:11:46:02/07/2020 ‌
هیندستان تا ماوەیەكی زۆر لە كۆرۆنا پارێزراو بوو و رێگری لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ وڵاتەكەی كرد كە بە دووەم گەورەترین وڵاتی دنیا لە رووی ژمارەی دانیشتووان هەژمار دەكرێ، بەڵام ئێستە دۆخەكەی پێچەوانە بووەتەوە.

بەگوێرەی worldometers ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هیندستان گەیشتووەتە 605 هەزار و 775 كەس و لە ریزبەندی چوارەمدایە.

هەریەك لە ئەمەریكا، بەرازیل و رووسیا لە ریزبەندی یەك تا سێ دێن و هێندەی نەماوە هیندستان ریزبەندی سێیەم لە رووسیا وەربگرێت.

لە هیندستان ئێستە رۆژانە سەرووی 19 هەزار حاڵەتی نوێی كۆرۆنا تۆمار دەكرێن، لە كاتێكدا لە  نیوەی یەكەمی مانگی نیسان ژمارەكە كەمتر لە هەزار بوو و لە مانگی ئاداریش تەنیا چەند حاڵەتێك راگەیەنرابوو.
18 هەزار كەس بە ڤایرۆسەكە مردوون

جگە لە ژمارەی تووشبووان، حاڵەتەكانی مردنیش لەم وڵاتە بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە و نزیكەی 18 هەزار كەس بە ڤایرۆسەكە مردوون و رۆژانەش لە نێوان 400 تا 500 كەس لەم وڵاتە بە كۆرۆنا دەمرن.

لە ئەمەریكا دوو ملیۆن و 779 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە لەو ژمارەیە 130 هەزاریان مردوون. لە بەرازیل ملیۆنێك و 450 هەزار كەس تووشبوون و سەرووی 60 هەزاریان مردوون. لە رووسیا 661 هەزار تووشبوون و نۆ هەزار و 600 كەسیان مردوون.

كۆی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا گەیشتووەتە 10 ملیۆن و 820 هەزار كەس كە لەو ژمارەیە 519 هەزاریان مردوون.

لە كوردستان شەش هەزار و 403 كەس تووشبوون كە لەو ژمارەیە چوار هەزار و 112 لە نەخۆشخانەكانن، 259 كەسیش گیانیان لە دەست داوە و ئەوانەی تر چاك بوونەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان