ئەسترازینیكا ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنای كشاندەوە

:: PM:06:56:08/05/2024 ‌

لە ماوەی دواییدا كۆمپانیای ئەسترازینیكا ددانی بەوەدا نا كە ڤاكسینەكەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەریی لابەلا و لاوەكیی مەترسیداری هەیە، وەك دروستكردنی جەڵتەی خوێن و كەمكردنەوەی ژمارەی خەپڵەكانی خوێن، ئەوەش وای كرد هێرشێكی زۆری بكرێتە سەر، كۆمپانیاكە رای گەیاند كە ڤاكسینەكەی لە تەواوی دنیا دەكشێنێتەوە.

كۆمپانیاكە رای گەیاند كە دەستی بە كشاندنەوەی ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەواوی دنیا كردووە، ئەوەش بەهۆی زۆریی ئەو ڤاكسینانەی دژ بەو نەخۆشییەی ئێستە هەن، واتە زیاتر لە پێویست، بۆیە دەست بە كشاندنەوەی مۆڵەتی فرۆشتنی ڤاكسینی " ڤاكسزیڤێریا" لە ئەوروپا دەكات. 

كۆمپانیاكە روونی كردەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی ڤاكسینە جیاوازەكانی دژ بە كۆرۆنا، ئێستە زیادی لە ڤاكسینە بەردەستەكان دروست بووە، ئەوەش وای كردووە خواست لەسەر ڤاكسینی "ڤاكسزیڤێریا" كەم بێتەوە، كە كۆمپانیاكە دروست و دابینی ناكات.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان پێشتر كۆمپانیاكەی دەرمانی بەریتانی و سویدی لە بەڵگەنامەكانی دادگا ددانی بەوەدا نا كە ڤاكسینەكەی كاریگەریی لابەلای هەبووە وەك جەڵتەی خوێن و كەمبوونەوەی ژمارەی خەپڵەكانی خوێن، بۆیە كۆمپانیاكە لە 5ی ئاداری رابردوو داوای كشانەوەی ڤاكسینەكەی كردووە و دوێنێ سێشەم كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەك رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی باسی كردووە.       


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل