مووسڵ.. میلیشیاكان هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی هۆزە سوننەكان دەدەن

:: PM:05:34:02/07/2020 ‌

میلیشیاكانی عێراق لە سنووری پارێزگای نەینەوا هەوڵی راكێشانی سەرۆك هۆزە عەرەبییەكانی سوننە بۆلای خۆیان دەدەن و گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان، وریایی لە بەردەوامیی دەستوەردانی ئەو میلیشیایانە لە كاروباری هۆزە عەرەبییە سوننەكان دەدا و دووپاتی كردەوە لەئێستەوە كار بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەن.
دەشتی نەینەوا كە لەلایەن میلیشیاكانەوە داگیر كراوە
موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە بەیاننامەیەك كە وێنەیەكی گەیشتە "وشە"، گوتی، میلیشیاكانی عەسائیب ئەهلولحەق بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی، تۆمەتبار دەكەین بە هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتی سەرانی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچەكە بۆ كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران، ئەوەیش لەرێگەی دابەشكردنی چەك و پارە بەسەریان.

زیاتر گوتی، ئەو هەڵسوكەوتەیان دەچێتە چوارچێوەی گوشاركردن و چاوسووركردنەوە و تەماعدان پێیان بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی فرەوانخوازی تاران و كپكردنی دەنگی هۆزە عەرەبییەكان بەرانبەر ئەو پێشێلكارییەی بەرانبەر هاووڵاتییانی پارێزگەی نەینەوا ئەنجامی دەدەن، لەوانە دروستكردنی قوتابخانەی ئاینی تایفی بە زمانی فارسی، هەروەها دامەزراندنی سەربازگە بۆ پاسداران، بەتایبەتی لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا كە لەلایەن میلیشیاكانەوە داگیر كراوە و ژمارەیەكی زۆری ئیتڵاعاتی تیایدایە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل