پارێزگەیەكی عێراق دەبێتە شوێنی بازرگانی مادەی هۆشبەر

:: PM:08:15:04/07/2020 ‌

میلیشیاكان لە عێراق دەسەڵاتێكی تەواو و زیاتریان لە هێزە تەناهییەكان و سوپا هەیە، ئەوان ئەو دەسەڵاتەیان بۆ بەدەستهێنانی سوودی ئابووری و پاڵپشتی دارایی بەكاردێنن، پەرلەمانتارێكی پارێزگەی دیالە داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بەهانای ئەو پارێزگایە بچێت كە بووەتە شوێنی مادەی هۆشبەر.
ئێستە پارێزگاكە بە مادەی هۆشبەر دەناسرێت
رەعد دەهلەكی، پەرلەمانتاری سوننە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، داوا لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران دەكەین سەردانی پارێزگای دیالە بكات و ئاگەداری دۆخی شارەكە بێت، كە بەدەست كێشەی تەناهی و كارگێڕییەوە دەناڵێنێت، ئەوەیش پێویست بە گۆڕین و كاراكردنی بەرپرسانی پارێزگاكە هەیە.

روونی كردەوە، پارێزگاكە پێویستی بە چاكسازی و كۆنترۆڵكردنی تەناهی هەیە، لەدژی گرووپەكانی یاساشكێن كە یاری بە تەناهی پارێزگاكە و بەرژەوەندی و ئابووری و دۆخە سیاسییەكەی دەكەن، ئەوان لە رێگەی دەستگرتن بەسەر دەروازە سنوورییەكان بازرگانی مادەی هۆشبەر دەكەن، بەشێوەیەك مادەی هۆشبەر بووەتە جیاكەرەوەیەكی ئەو پارێزگایە كە پێشتر بە شوێنی پرتەقاڵ دەناسرا، ئێستە بە شوێنی مادەی هۆشبەر. 

دەهلەكی دووپاتی كردەوە، ئەو گرووپانە كۆنترۆڵی كیڵگەكان دەكەن كە خاوەنی نین، بەشێكی دەسووتێنن بۆ ئەوەی پێویستی ناوخۆیی پڕ نەبێتەوە، ئەوان كۆنترۆڵی زەوییەكانی نیشتەجێبوونیش دەكەن و دەیدەن بەوانەی بەرژەوەندییەكانیان دەپارێزن، جیا لەوە كۆنترۆڵی دۆسیەی تەناهی و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكەن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل