خۆپێشاندەران بوار بە كازمی دەدەن بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان

:: PM:06:01:06/07/2020 ‌

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سایەی سازانی هێزە شیعەكان و ئەمەریكا و ئێران و بێدەنگیی خۆپێشاندەران حكوومەتی كاتی عێراقی دامەزراند، هەمووان مەرج و گوشاریان بۆی هەیە، ئەو دەیەوێ پاڵپشتیی شەقام و خۆپێشاندەران بەدەست بێنێت، بۆ پاراستنی مانەوەی بەرانبەر بە میلیشیاكانەوە، خۆپێشاندەرانیش ئاماژە دەكەن، تا تشرینی یەكەمی داهاتوو بواری پێ دەدەن.  
ئەگەر لێپرسینەوە لە بكوژان بكرێت چەندان سەری گەورە دەكەون
راپەڕینی خۆپێشاندەران بە رووی هێزە سیاسییەكانی شیعە لە بەغدا و باشوور و ناوەڕاستی عێراق و سووربوونیان لەسەر گۆڕانكاری و دانی سەتان قوربانی لەوپێناوەدا، گەورەترین هۆكاری رووخانی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی و هاتنەدەسەڵاتی مستەفا كازمی بوو، بەتایبەتی كە چەندان كاندیدیان رەت كردەوە، ئێستەیش كازمی قەرزداری یەكە یەكەی داواكاری خۆپێشاندەرانە.

خەتاب تەمیمی، چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی بەغدا سەبارەت بە بەڵێنەكانی كازمی بۆ "وشە" روونی كردەوە، كازمی و حكوومەتەكەی بەپێی سازانێكی سیاسی هێزە شیعەكان هاتوون، واتە ئەوان بەناچاری پێی رازی بوون و خواستیان لەسەری نەبوو، بەڵكو ئەوان دەیانویست عەبدولمەهدی بمێنێتەوە و ماوەكە تا هەڵبژاردنی داهاتوو تەواو بكات.

زیاتر گوتی، دیارە ئەمڕۆ ئەو هێزانە بەربەست دەخەنە پێش یاسای هەڵبژاردن، ئەوان دەیانەوێ بە هەمان یاسا بچنە ناو هەڵبژاردن و بەهەمان گەندەڵی كە كردوویانە بەردەوام بێت، ئێمە ئەوانەمان رەت كردووەتەوە و گوشارمان بەردەوامە بۆ سەر كازمی بۆ دەركردنی یاسای نوێی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای فرەبازنەیی، بۆ ئەوەی گەندەڵكاران نەگەڕێنەوە دەسەڵات، راستییەكەی تەنیا پرسەكە یاسای هەڵبژاردن نییە، چەندان بەربەست لەبەردەم كازمی هەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك، لەوانە داماڵینی چەكی میلیشیاكان، كە تا ئێستەیش ناوچەی سەوزی بەغدا بۆردمان دەكەن.

تەمیمی روونی كردەوە، هەفتەی رابردوو هێزەكانی دژەتیرۆر ژمارەیەك ئەندامی میلیشیاكانیان لە نزیك بەغدا گرت كە سەرقاڵی مووشەكبارانكردنی ئامانەجەكانی ئەمەریكا بوون، بەڵام بەهۆی گوشار و هەڕەشەكانی ئەو میلیشیایانە، ناچار بوون كە ئازادیان بكەن، بەمدواییە دووبارە ناوچەی سەوزیان مووشەكباران كردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق نەیتوانی بەرگری لە نێردە دیپلۆماسییەكان بكات، بۆیە باڵوێزخانەی ئەمەریكا پارێزگاری لەخۆی كرد.

"دەست دەستییەك لەلایەن چەند لایەنێك هەیە و ئەوان دەیانەوێ حكوومەتی كازمی تا كۆتایی تەمەنی ئەمخولەی پەرلەمان بەردەوام بێت، چونكە ئەوان نایانەوێ هەڵبژاردنی پێشوەختەت بكرێت، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن دەربچێت و هەڵبژاردن كرا و چەكی میلیشیاكان داماڵرا، جارێكی تر ئەو دەموچاوانەی لەناو پەرلەمان هەن، جارێكیتر كەسیان نابینینەوە، چونكە ئەوانە بە هەڕەشە و ساختەكاری و چەكی میلیشیاكان گەیشتوونەتە ئەو شوێنە"، ئەو چالاكە باسی كرد.

كازمی بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی خۆپێشاندەران، كە هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكانی شیعە تەنیا سڵ لەوان دەكەنەوە، چەندان بەڵێنی پێ داون گرنگترینیان، داماڵینی چەكی میلیشیاكان و لێپرسینەوەیە لە بكوژانیان، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە دەكەن تا ئێستە بەشێك لە چالاكان چارەنووسیان نادیارە و لێپرسینەوەیش نەكراوە و بكوژانیش، كە دەناسرێنەوە، نەتوانراوە بگیرێن.

ئەو چالاكە لەوبارەوە دەڵێت، ئەوانەی خۆپێشاندەرانیان كوشت دیارن، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە چالاكان لیستێكمان بەناوی ئەو گرووپانە پێشكەیش كرد كە هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەران، كە چەند كەسایەتییەكەی لەو میلیشیایانە و كەسانی تریشی تیادایە، ئەو زانیاریانەمان بە شێوەی سكاڵای یاسایی لەلایەنێكی دادوەری پێشكەیش كردووە و ئەوانمان بە تیرۆر و كوشتنی خۆپێشاندەران تۆمەتبار كردووە.

"كازمی خۆی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری بوو و بەڵگە و تۆماری كوشتن و سەركوتكردنی خۆپێشاندەرانی لایە، بەڵام ترسیان هەیە بەوەی ئەگەر ئەو دۆسییە هەڵبدرێتەوە، چەندان سەری گەورە میلیشیاكان دەكەون، ئەوەیش حكوومەتی ترسی لێی هەیە، لەوكاتەی گوشارەكانی ئێمە بەردەوامە و سكاڵامان گەیاندووەتە دادگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ لێپرسینەوە لە بكوژانی خۆپێشاندەران"، تەمیمی ئاشكرای كرد.

ئەو چالاكە دووپاتی كردەوە، تا ئێستە هەلمان بە كازمی داوە، بۆ سەلماندنی لاگیریی بۆ گەلی عێراق و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی، بۆیە ئەو هەلە تا سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم بەردەوام دەبێت، ئەگەر داواكاری خۆپێشاندەرانی نەهێنایە دی لە دادگاییكردنی بكوژان و چەكداماڵینی میلیشیاكان، ئەوكات تشرینییەكی نوێ ساز دەكەین و دووبارە گۆڕانكاری دەكەین. 

شارەزایان پێیان وایە كازمی ناچارە بۆ بەردەوامیی حكوومەتەكەی پاڵپشتی بزاوی جەماوەری بەدەست دێنێت، چونكە جەماوەر بوو عادل عەبدولمەهدیان رووخاند، كە بە سەتانجار لە حكوومەتی كازمی بەهێزتر بوو، چەندان هێز و گرووپی چەكدار  و وڵات پاڵپشتیان لێی دەكرد، كەچی بە گوشاری جەماوەری رووخا، بۆیە كازمی دەزانێت جەماوەر دەتوانن ئەویش بڕووخێنن، ئەگەر بەشێكی داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل