ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئه‌وه‌ی له میدیاكان باسی لێ ده‌كرێ، به‌وشێوه نییه، به‌ڵكو ته‌نیا لێكگه‌یشتن هه‌یه بۆ هه‌ماهه‌نگی كردن و پاراستنی ناوچه‌كان و ڕێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچه‌كه.
فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ته‌نیا یه‌ك كۆبوونه‌وه كراوه له‌باره‌ی كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی له ئۆپراسیۆنه‌كان و كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی و ته‌ناهی، بیروڕا له نێوان هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕكراوه و تا ئێسته ڕێككه‌وتن نه‌كراوه، كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ته‌نیا وه‌ك ڕاگۆڕینه‌وه بووه.
ته‌نیا هه‌ماهه‌نگی و ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش باسی لێوه‌كراوه
زیاتر گوتی، باسمان له‌وه كردووه كه میكانیزمێك بۆ هه‌ماهه‌نگی نێوانمان دابنرێت، ئه‌ویش به كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی ئه‌فسه‌ران بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش، هه‌روه‌ها پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایییه‌كان له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق و به‌رده‌وامیدان به ڕاوه‌دوونانی تیرۆریستان.
له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه داگیركراوه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر گوتی، ئه‌وه‌ی بڵاوبووه‌ته‌وه ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه، ئێمه باسی پرۆسه‌ی هاوئاهه‌نگیمان كردووه بۆ له‌ناوبردنی چه‌كدارانی داعش له‌و سنوورانه‌ی كه ماوه‌یه‌ك ده‌بێت، چه‌كداران تێیدا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه و چالاكی ده‌كه‌ن، پێویسته ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش بكرێ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق، باس له پرۆسه‌ی سه‌ربازی كراوه، نه‌ك بابه‌تی تر كه ئێسته به هه‌ڵه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
سلێمانی/هۆشیار عه‌لی.