خاوەن كارگەیەكی دۆشاوی تەماتە: دەتوانین ڕۆژانە 250 تۆن تەماتە لە جووتیاران بكڕینەوە

:: PM:10:06:07/07/2020 ‌

دوای ئەوەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتییەكی زۆریان دەربڕی بەوەی بەرهەمەكانیان، بەتایبەتی تەماتە، پارە ناكات زەرەر دەكەن، هەڵمەتێكی باش بۆ پاڵپشتیكردنی بەربوومی خۆماڵی دەستی پێ كردووە، لەوانە كارگەیەكی دۆشاوی تەماتە لە هەڵەبجە، دەتوانێت ڕۆژانە 250 تۆن تەماتە لە جووتیاران وەربگرێت.
سوودی بۆ جووتیاران دەبێت و هەلی كار دەڕەخسێنن
كامەران محەمەد، بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە پارێزگای هەڵەبجە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، توانامان هەیە ڕۆژانە 250 تۆن تەماتە لە جووتیاران بكڕینەوە و چل تۆن دۆشاوی تەماتەی لێ بەرهەم بێنین، روونی كردەوە، چەند ساڵێكە كارگەكەمان هەیە و هەلی كاریشمان بۆ خەڵكانێكی زۆر ڕەخساندبوو، دەمانەوێ بەقەدەر خواستی ناوخۆ بەرهەممان هەبێت.

زیاتر گوتی، وەزارەتی تەندروستی بە بیانووی ئەوەی دەڵێن دۆشاوی تەماتەی خۆماڵی شارەزوور، لە دادگا سكاڵایان لەسەر كردین و شەش مانگە كارگەكەیان داخستووین، ئێمە ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتە، تەماتە لە جووتیارانی خۆمان وەردەگرین، لە وەرزەكانی تریش ناچارین لە ئێران دۆشاوی تەماتە بێنین و لە قووتووی بنێن، چەندانجار لیژنەی ئابووری و تەندروستی سەردانیان كردووین و پابەندین بە ڕێنوێنییەكان.

بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور ئاماژەی كرد، كارمان لەسەر ئەوە كردووە بەپێ بەرهەمی خاكی كوردستان تۆوی تەماتە بێنین و بە هاوكاری جووتیاران ساڵانە ڕوبەرێكی فراوان بە تەماتە بچێنین، بەرهەمێكی زۆری تەماتەی دۆشاوی تەماتە بەرهەم بێنین، سوودی بۆ جووتیاران دەبێت و هەلی كار بۆ كرێكار لەناو كارگەكەمان دەڕەخسێنین، جیا لەوەی سەدان كرێكاریش پێویستە بۆ چنینی تەماتە.

ئەو خاوەن كارگەیە ئاشكرای كرد، لایەنی پێوەندیدار پێیان ڕاگەیاندووین دەتوانن كارگەكە بخەنەوە كار، بەهۆی كەرەنتینەوە نەمانتوانیوە بڕۆین بۆ هەولێر بۆ تەواوكردنی مامەڵەكان بۆیە هەوڵ دەدەین بە زووترین كات كارگەكە بخەینەوە گەر، لەبارەی هەڵمەتی پشتیوانی دەزگای میدیایی "وشە" لە جووتیاران، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، هەڵمەتێكی پیرۆزە و پێویستە هاوڵاتی و حكوومەت پشتیوانی جووتیارانی ناوخۆ بكەن.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل