دەستەی دەستپاكی دژی چەند دادوەرێك دەوەستێتەوە

:: PM:01:28:08/07/2020 ‌
ده‌سته‌ی‌ ده‌سپاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیارێكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ به‌ نایاسایی ده‌زانێت ئه‌وه‌یش دوای‌ ئه‌وه‌ بڕیاری‌ به‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ كاركردنی‌ چه‌ند دادوه‌رێك داوه‌ و ماوه‌ی‌ یاسایشیان ته‌واو بووه‌. 

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، بەپێی ئەو بەڵگەیەی دەستی "وشە" كەوتووە، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كردووە و بڕیاری درێژكردنەوەی كاری چەند دادوەرێكی بە نایاسایی زانیوە.

پێتان ڕادەگەیەنین ئەو بڕیارەتان پاڵپشتی یاسایی نییە
لە نووسراوەكەدا هاتووە، بەپێی یاسای ئەنجوومەنی دادوەری، تەمەنی خانەنشینی بە 65 ساڵی دیاری كراوە، ئێستە چەند فەرمانێكتان دەركردووە بۆ درێژكردنەوەی خزمەتی چەند دادوەرێك، پێتان ڕادەگەیەنین ئەو بڕیارەتان پاڵپشتی یاسایی نییە.

لە نووسراوەكەدا ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، ئەو بڕیارانە تەنیا پێوەست نین بە دەسەڵاتی دادوەری، بەڵكو پێوەستن بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان، بۆیە نابێ ئەو بڕیارە هیچ لێكەوتەی دارایی لێ بكەوێتەوە، بۆیە داواكارین ئەو بڕیارە هەڵوەشێتەوە.

لە كۆتایی نووسراوەكەدا داوا كراوە ئەگەر پێویستیتان بە درێژكردنەوەی خزمەتی ئەو كەسانە هەیە، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی دادوەری بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی چەند دادوەرێكی دەركرد.



وشە - رامیار جەواد