به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوى دووكان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى زیاتر له به‌نداوه‌كه، بڕى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له وێستگه‌ى كارۆ ئاوى دووكان زیادى كردووه به‌راورد به مانگى ڕابردوو.
به‌شى كاره‌با پێویستیان به به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى زیاتر هه‌یه
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 10ى ته‌مووز، محه‌مه‌د تاهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوى دووكان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، له دواى وه‌رزى كۆتایی هاتنى ئاو خه‌زنكردن، به‌رنامه‌یه‌كى هاوینه‌مان هه‌یه كه له سه‌ره‌تاى مانگى حوزه‌یران ده‌ست پێده‌كات، له مانگى حوزه‌یران تا مانگى ته‌مووز و جیاوازى له به‌ردانه‌وه‌ى ئاو هه‌یه، به‌شى كاره‌با پێویستیان به به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى زیاتر هه‌یه.
زیاتر گوتى، له‌و دوو مانگه‌دا ئاو زیاتر به‌رده‌ده‌درێته‌وه و به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با زیاتر ده‌كات، ئێسته به‌راورد به مانگى ڕابردوو به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له دووكان زۆر زیاتر بووه و له ئێسته نزیك بووه‌ته‌وه‌وه 180 مێگاوات كاره‌با له كاتێكدا پێشتر 100 بۆ 118 مێگاوات بووه.
ڕوونى كرده‌وه، پێشتر له چركه‌یه‌دا 170 مه‌تر سێجا ئاو له به‌نداوه‌كه به‌ر ده‌درایه‌وه، ئێسته بۆ 242 مه‌تر سێجا له چركه‌یه‌دا زیادى كردووه، له ئێسته سێ تۆرباین كار ده‌كات له وێستگه‌كه‌دا، ئه‌و زیادبوونه‌ى كاره‌بایه‌یش سوودى ده‌بێت بۆ هاووڵاتییان هه‌رچه‌نده بڕێكى زۆر ئاوى پاك و شیرین كه خه‌زن كراوه له به‌نداوه‌كه ده‌ڕوات.
ئه‌مساڵ به‌راورد به ساڵانى پێشوو به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌روو سێ هه‌زار مێگاوات كاره‌با زیادى كردووه و ڕۆژانه 16 سه‌عات كاره‌باى نیشتمانى ده‌درێت به هاووڵاتییان.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى