كارى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى سۆران راگیرا

:: PM:08:49:11/07/2020 ‌

بەهۆی گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بۆ ناو باڵەخانەییەکی نوێ، بۆ ماوەی هەفتەیەک راپەڕاندنی سەرجەم کاری هاووڵاتییانی دەڤەری سۆران رادەگیرێت.

رائید دلاوەر لەتیف بەرپرسی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئاگاداری هاووڵاتییانی سنوورەکەمان دەكەینەوە كە لە بەیانی رۆژی یەكشەم 12ی تەمووز تا 19ی تەمووز، بە هیچ شێوەیەك سەردانی بارەگایی بەڕێوەبەرایەتیمان نەكەن، چونكە بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕاییكردن و ڕواندنی مامەڵەی سەرجەم هاووڵاتییان لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران رادەگیرێت.

زیاتر گوتی، بەهۆی گواستنەوەی بارەگای بەرێوەبەرایەتیەکەمان بۆ ناو باڵەخانەییەکی نوێ، وەك دەركردن و نوێكردنەوەی مۆڵەت، پشكنینی ئۆتۆمبێل و کارەکانی تر. بۆیە لە رێگەی ''وشە" داوا لەو هاووڵاتییانە دەكەین كە كاری مامەڵەی نوێكردنەوە و دەرهێنانی مۆڵەت، پشكنینی ئۆتۆمبێل، تاقیكردنەوەی میكانیك ـ توڕای رەمپە، گەراج، ناوشار ـ خولی وانە گوتنەوەی مۆڵەت یان هەر مامەلەیەكی تریان لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بە سەرجەم بەش و هۆبەكان ڕاگیراوە تا ئەم رێكەوتەی دیاری كراوە سەردانمان نەكەن و ئێستە ناتوانین كارەكانیان ڕایی بكەین.

ماوەی چەند ساڵێكە رەزامەندی كردنەوەی بەشی ساڵیانە و بەناو كردنی ئۆتۆمبێل بۆ سۆران دەرچووە

ئاشکرای کرد، ماوەی چەند ساڵێكە رەزامەندی كردنەوەی بەشی ساڵیانە و بەناو كردنی ئۆتۆمبێل بۆ سۆران دەرچووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویست و باڵەخانەی پێشكەوتوو نەتوانرا ئەو بەشە بكرێتەوە، بۆیە لەگەڵ چوونمان بۆ ناو باڵەخانەی تازەی هاتوچۆ بەشی ساڵیانەش بەڕووی هاووڵاتییاندا دەكرێتەوە و لە مەودووا سەرجەم كارەكانی بەناو كردن، نوێ كردنەوەی ژمارە و ساڵیانە و سەرجەم كارەكانی پێویست بە تابلۆ و ساڵیانە لە سۆران ئەنجام دەدرێت. 

ماوەی چەندان ساڵە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران لە گەڕەكی ئازادای دیانا لە ناو خانووێكی كرێدابوون، بەڵام بەهۆی تەنگەژەی دارایی بۆ ناو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران گواسترایەوە، ئێستە بەهۆی تەواو بوونی باڵەخانەی پێویست، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران دەگوازرێتەوە نزیك یاریگای گوندی دێلزیانی سەر بە شارەدێی دیانا.

سۆران لە رووی کارگێڕیەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە و ناوەندی هەر سێ شارۆکەی رواندز، چۆمان و مێرگەسۆریشە. سۆران بەدوروی  110 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵکەوتووە، رێژەی دانیشتوانانی دەڤەرەکە زیاتر لە 300 هەزار کەسە. به‌پێی ئامارێكی نووسینگه‌ی گواستنه‌وه‌ی ناوچەکە، زیاتر له‌ 400 تاكسی و 50 پاس كاری گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان بۆ هێڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ سۆران و ده‌وروبه‌ری زیاتر له‌ 70 هه‌زار ئۆتۆمبێلی به‌ گشت جۆره‌كانییه‌وه‌ هه‌ن.

سۆران/ موڕشید برادۆستی


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان