سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی شێوازی هه‌ڵگرتنی گه‌نم له سایلۆكان، پاشه‌ڕۆی قرتێنه‌ره‌كان و ته‌نانه‌ت مشكیش تێكه‌ڵ به‌و گه‌نمه ده‌بێت كه ده‌چێته ئاشه‌كان و دێته هاڕین و ده‌كرێت به ئارد و دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر هاووڵاتییان.
پاشماوه و ته‌نانه‌ت مشك و زینده‌وه‌ری تر تێكه‌ڵ به گه‌نمه‌كه ده‌بن
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 16ی ته‌مووز، كه‌ریم عه‌لی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌هۆی شێوازی هه‌ڵگرتنی گه‌نم له سایلۆكان كه هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدا نییه، هاوكات ئه‌و شوێنه‌ی گه‌نمه‌كه‌ی له‌سه‌ره تا ده‌گوازرێته‌وه بۆ سایلۆ و ته‌نانه‌ت سایلۆكانیش كه باش نین، پاشماوه و ته‌نانه‌ت مشك و زینده‌وه‌ری تر تێكه‌ڵ به گه‌نمه‌كه ده‌بن.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی شێوازی وه‌رگرتنی گه‌نم زۆر باش نییه و گه‌نم له گۆڕه‌پانه‌كان دانراوه، له كاتێكدا گه‌نم بۆ ئاشه‌كان ده‌چێت، ئه‌و ئاشانه‌ی سنووری سلێمانی ته‌ندروست نین، ئه‌گه‌ر چاودێری زۆریان له‌سه‌ر نه‌بێت له ئاشه‌كانیشه‌وه ئه‌و پاشماوه و قرتێنه‌رانه تێده‌په‌ڕن.
نه‌سرین محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری دروستكراوی دانه‌وێڵه و سه‌رپه‌رشتیاری ئاشه‌كانی سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، له رابردوو ئه‌گه‌ر له سایلۆكانه‌وه كاتێك گه‌نم هاتبێته ئاشه‌كان، پاشماوه و قرتێنه‌ری تێدا بووبێت، ره‌ت كراوه‌ته‌وه و وه‌رنه‌گیراوه، چه‌ندان جاریش گه‌نمی سایلۆكانم ره‌ت كردووه‌ته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی باش نه‌بووه و پاشماوه‌ی تێدابووه.
ئه‌وه‌شی گوت، نه‌ك له سلێمانی، له هه‌موو عێراقدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی سایلۆكان له گۆڕه‌پانه‌كانه‌وه گه‌نمه‌كانیان بۆ ده‌چێت، ئه‌وه روو ده‌دات كه گه‌نمه پاشه‌ڕۆی تێدابێت، ده‌بێت له سایلۆكان ئه‌و گه‌نمه به دوو قۆناغ پاك بكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و كاره ناكه‌ن، خۆمان به ناچاری ئامێرمان دابین كردووه له ئاشه‌كان و به پێنج قۆناغ پاكی ده‌كه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت توێكڵی گه‌نمه‌كه لاده‌به‌ین، گه‌نم پاشه‌ڕۆی تێدابووه و وه‌رم نه‌گرتووه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی