ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و وەزیری دەرەوەی ئێران

:: PM:09:36:19/07/2020 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای سەردانی بەغدا گەیشتە هەولێر، ئەو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە و دووپاتیان لە پێویستی سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە و گفتوگۆ بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشە و ئاڵۆزییەكان كردەوە.
زەریف: هیوادارم هەموو رۆژێك پێوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێم بەهێزتر بێت
دوای كۆبوونەوەی نێوانیان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز كرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی زەریف و شاندی هاوەڵی دەربڕی و دووپاتی كردەوە، لە هەرێمی كوردستان بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری پێوەندییەكانمان لەگەڵ دراوسێكان دەكەین.

زیاتر گوتی، ئێران بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دراوسێیەكی گرنگە، هاوكات هەرێمی كوردستان هیچ كات هاوكاری ئێران لە رۆژە سەختەكان لە یاد ناكات، ئێران هەمیشە وەك دۆست و دراوسێ لە هەموو قۆناغەكان لەگەڵ ئێمە وەستاوە، ئێستەیش بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی دۆستانەی دراوسێیەتی لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ ئێران پێویستییەكی لە پێش و زۆر گرنگە.

"هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی مێژوویی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووری و جمووجۆڵێكی فراوانی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، فراوانكردنی هاوكاری و هاوبەشی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران لەو بوارانەدا، پێویست و جێی بایەخی هەردوولان و خواستێكی بەردەوامی هەرێمی كوردستانە و هەمیشە كارمان لەسەر كردووە و بەردەوامیش دەبین"، سەرۆكی هەرێم وای گوت.

ئاماژەی كرد، لە كۆبوونەوەكە پێوەندییەكان و دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە و رۆڵی گرنگی ئێرانمان لە هاوكێشەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرد، دووپاتمان لە پێویستی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكە و گفتوگۆ بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشە و ئاڵۆزییەكان كردەوە، باسمان لە پەتای كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی كرد، بە تایبەت لە بواری ئابووریدا، هەروەها كاریگەرییەكانی لەسەر هاتوچۆی دەروازەكان لەگەڵ ئێران و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی پەتاكە و ئەزموونی ئێران لەو بارەیەوە و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هەردوولامان تاوتوێ كرد.

لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە گوتی، سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە هەولێر لێم كرا، عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، وەك دراوسێیەك بۆ ئێمە زۆر گرنگە، داواكارین پێوەندییەكی دۆستانەمان هەبێت و زۆر خۆشحاڵین، پێوەندییەكی زۆر نزیكی كولتووری و خێزانی و خزم و كەسوكاریمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، پێوەندییەكی باشی ئابووریمان لەگەڵ هەرێم و عێراق هەیە.

زیاتر گوتی، پێوەندیمان لەگەڵ عێراق بەردەوام لە گەشەكردندایە و دڵخۆشین، تەنانەت كۆرۆناش نەیتوانی رێگری لە پێوەندییە ئابوورییەكانمان لەگەڵ عێراق و هەرێم بكات، دەروازە سنوورییەكانمان بەردەوام كراوە بوون و ئامادەیی ئەوەمان هەیە، بەرانبەر ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە، لەگەڵ دۆستەكانمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە هاوكاری بكەین و بتوانین ئەزموونی خۆمان لە خزمەت دۆستەكانمان دانێین.

"ئامادەین گەشەی زیاتر بە پێوەندییە ئابوورییەكانمان بدەین، پڕۆژەی گەورەتر لە بواری پیشەسازی و هیڵی ئاسنین و بواری وزە لەگەڵ عێراق ئەنجام بدەین، هیوادارین لە سەردانی رۆژی سێشەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئێران، بتوانین زەوینەی ئەو هاوكاریانە فراوانتر بكەین، جارێكی تر سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو مێواندارییە و هیوادارم هەموو رۆژێك پێوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێزتر بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل