زانكۆی ئۆكسفۆرد سەركەوتنی پێكوتەیەكی دژ بە كۆرۆنا راگەیاند

:: PM:07:16:20/07/2020 ‌

كێبەركێی كۆمپانیاكانی دەرمان و ناوەندەكانی توێژینەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی بنبڕ بۆ پەتای كۆرۆنا بەردەوامە، بەتایبەتی تا ئێستە ژمارەی قوربانیان لە هەڵكشانە و چاوەڕوانی شەپۆڵی دووەمی ڤایرۆسەكە لە پایزی ئەمساڵ دەكرێت، زانكۆی ئۆكسفۆرد كە سەرقاڵی پەرەپێدانی پێكوتەیەكە، هەواڵێكی خۆشی لەبارەی سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكە بڵاو كردەوە.
پێكوتەكە لە ئەیلوولی داهاتوو بەردەست دەبێت
زانكۆكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، تاقیكردنەوەكانی لەسەر پێكوتەیەكی دژ بە كۆرۆنا ئەنجام دراوە، ئەنجامی باشی هەبووە و توانوویەتی بەرگری لەشی مرۆڤ بەهێز بكات، تاقیكردنەوە كلینیكییەكان لەسەر خۆبەخشان دەریان خست كە پێكوتەی "ئەسترا زینیكا"، دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا سەلامەتە بۆ بەكارهێنان و بەرگری لە لەشی ئەوانە بەرهەم هێناوە كە بەكاریان هێناوە.

ئەو پێكوتە ناوی " AZD1222"یە، هیچ كاریگەرییەكی لابەلای نەبووە و زیانی بە دژە تەنەكان نەگەیاندووە و وەڵامدانەوەی لەلایەن خانە تائییەكان دروست كردووە، وەك ئەو ئەنجامانەی گۆڤاری "لانسێت"ی پزیشكی بڵاوی كردەوە و ئاژانسی "رۆیتەرز"، باسی كردووە. 

زانكۆی ئۆكسفۆرد دەڵێت، تاقیكردنەوە لەسەر خۆبەخشان كە دووەم ژەمی پێكوتەكەیان وەرگرتووە، دەری خست كە دژەتەن لە لەشی ‌وئەوان بۆ ڤایرۆسەكە دروست بووە، هەروەها خانە تائییەكانیان لا دروست بووە كە یارمەتی بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ دەدات، روونی كردەوە، هەروەها تا ئێستە هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی دوای تاقیكردنەوەی لەسەر هەزار خۆبەش، دەرنەكەوتووە.

لەوكاتەی بۆریس جۆنسۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئەنجامەكانی بە زۆر ئەرێنی وەسف كرد، "فرانس پرێس"، باسی كردووە، ئەو پێكوتە كە زانكۆی ئۆكسفۆرد بە هاوبەشی لەگەڵ "ئەسترا زینیكا"پەرەی پێ دەدات، بەرگرییەكی بەهێزی دروست كردووە، كە بەریتانیا گرێبەستێكی بۆ دابینكردنی 100 ملیۆن ژەم لە پێكوتەكەی واژوو كردووە.

دێڤید كاربتەر، سەرۆكی لیژنەی توێژینەوە لە باركشێر، كە گڵۆپی سەوزی بە ئۆكسفۆرد داوە بۆ دەست پێكردنی تاقیكردنەوەكان، گوتی، كارەكانی تیمەكە بە باشی بەڕێوە دەچێت، ناتوانین وادەیەكی وردی خستنەڕووی پێكوتەكە دیاری بكەین، بەڵام بە سەیركردنی بەڕێوەچوونی كارەكان دەتوانین بڵین پێكوتەكە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەردەست دەبێت و سەرەتا دەدرێتە ئەو نەخۆشانەی زیاتر پێویستیان پێی هەیە، وەك بەتەمەنەكان و كارمەندانی تەندروستی.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل