یەكێتی بە تەنیا مایەوە

:: PM:03:41:21/07/2020 ‌
بڕیارە سبەی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و بەرنامەی كاری هەفتەی داهاتووی پەرلەمان دیاری بكرێت و 14 فراكسیۆن ئامادەییان بۆ كۆبوونەوەكە دەربڕیوە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ـی تەمووز، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی باڵای پەرلەمانی كوردستان بە "وشە" دراوە، سبەی 14 فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنەكەی سەرۆك فراكسیۆن و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەشدار دەبن.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، لە كۆبوونەوەكە بەرنامە دادەنرێت بۆ هەفتەی داهاتوو كە ڕەنگە پەرلەمانی كوردستان میوانداری دوو وەزیر بكات و چەند بابەتێكیش هەبێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

ڕەنگە پەرلەمانی كوردستان میوانداری دوو وەزیر بكات و چەند بابەتێكیش هەبێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت
باسی لەوەش كرد، تەنیا یەكێتی و فراكسیۆنێكی تر بڕیاریان داوە بەشداری كۆبوونەوەكە نەكەن، تا ئێستە سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكەی سبەی.

ئەوە لەكاتێكدایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بڕیاری سەركردایەتی بڕیاری داوە سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوە و دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەكات و فراكسیۆنی یەكێتیش بەشداری چالاكییەكانی پەر لەمان نەكات تا ئەوەی پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە.

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئومێد دەكەم هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، چونكە حكوومەت ئامادەیە سێ لە وەزیرەكانی بنێرێتە پەرلەمان بۆ دواین زانیاری لەسەر رەوشی تەندروستی، دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان و دۆخی ناوچە سنوورییەكان.

پەرلەمانی كوردستان بەرلە مانگی تەمووز بۆ ماوەی یەك مانگ وەرزی یاسادانی درێژ كردەوە، بەهۆی ئەوەی كۆرۆنا تەواوی سێكتەرەكانی ژیانی وەستاند، ئێستە خەریكە ئەوە مانگەش تەواو دەبێت پەرلەمان دانیشتێكی ئەنجام نەداوە.



وشە - رامیار جەواد