شارەزایەك: كازمی توانی تا ئاستێك رۆڵی عێراق بەرەو ناوەندگیرییەكی ئەرێنی ببات

:: PM:08:33:21/07/2020 ‌

دوای سەردانەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئێران و وتارەكەی لەوێ، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكییەوە هەست بەوە كرا كە وەك سەرەتا گۆڕانكارییەك رووی داوە و ئەو هەوڵ دەدات پەیام بداتە هەمووان كە عێراق گۆڕاوە، شارەزایەكی سیاسی عێراقی دووپاتی كردەوە 
هەنگاوەكانی كازمی لە پێشاندانی وێنەیەكی نوێ بۆ عێراق سەركەوتوون
ئەحمەد خزر، شارەزای سیاسی بە "وشە"ی گوت، ئێران دەیەوێ عێراق رۆڵی لە هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە هەبێت، واتە نەبێتە لایەنێك لە ململانێكانی ناوچەكە، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆ بەغدا بۆ دووپاتكردنەوەی قووڵیی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و رۆڵی ئەرێنی ئێران بوو، جیا لە گۆڕانی رۆڵی عێراق لە نامەبەر بۆ نێواندگیرێكی ئەرێنی.

زیاتر گوتی، كازمی توانی رۆڵی عێراق بەرەو ئەو ناوەندگیرییە ئەرێنییە پاڵ بدات، بۆیە سەردانەكەی ئەمڕۆ كازمی و قسەكانی لە تاران دەیسەلمێنن كە پیاوی هاوسەنگكردنە سەختەكانە، دەكرێت ئێران لەو رێگەیەوە دەروازەیەكی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمەریكا و سعوودیە دەست بكەوێ.

خزر دووپاتی كردەوە، بوونی كازمی لە تاران دووپاتی دەكاتەوە كە ئێران دەوڵەتێكی دۆستە و رێگە نادەین بە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەری، بەرانبەر بەوەیش عێراق قبووڵی دەستوەردانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی عێراق ناكا، بۆیە هەنگاوەكانی مستەفا كازمی سەركەوتوون لە پێشاندانی وێنەیەكی نوێ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی عێراق. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل