بڕوا جه‌مال ده‌رچوویه‌كی به‌شی شێوه‌كاریی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌یه، پاش ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی له‌به‌رئه‌وه‌ی حه‌زێكی زۆری بۆ گوڵ و نه‌مام هه‌بوو، له‌گه‌ڵ دایك و باوكی نه‌مامگه‌یه‌كی كردووه‌ته‌وه و پێكه‌وه كاری تێدا ده‌كه‌ن.
ئه‌و شێوه‌كاره ساڵی 2013 خوێندنی ته‌واو كردووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تێگه‌یشتووه له‌وه‌ی دۆخی كوردستان ناله‌بار بووه و ناتوانێ به ئاسانی له داوده‌زگای حكوومی دابمه‌زرێت، بیری له ده‌ستكردن به كاری سه‌ربه‌خۆ كردووه‌ته‌وه، بۆیه نه‌مامگه‌یه‌كی بچووكی كردووه‌ته‌وه و دواتر به تێپه‌ڕبوونی كات شوێنه‌كه‌ی گه‌وره كردووه، ئێسته بووه‌ته خاوه‌نی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین نه‌مامگه و شه‌تڵگه‌ی گوڵ و ڕووه‌كی هه‌ڵه‌بجه.
ده‌توانم هونه‌رمه‌ندانه كار له‌م پیشه‌یه‌دا بكه‌م
بڕوا له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا به "وشه"ی گوت: دوو هۆكار وای له من كرد ئه‌م كاره بكه‌م، یه‌كه‌م له‌به‌ر دابینكردنی بژێوی، دووه‌میش حه‌زی خۆم بوو و چونكه ده‌توانم هونه‌رمه‌ندانه كار له‌م پیشه‌یه‌دا بكه‌م و هه‌موو ڕێكخستنێكی وردیشم له نه‌مامگه‌كه هونه‌رییانه ئه‌نجام بده‌م.
له‌باره‌ی سه‌ره‌تای كاره‌كانیشی بڕوا گوتی: سه‌ره‌تا نه‌ماممان ده‌كڕی، هاورده‌مان ده‌كرد و ده‌مانفرۆشت، به‌ڵام سێ بۆ چوار ساڵه خۆمان به‌رهه‌می دێنین تۆ‌و و قه‌ڵه‌می نه‌مام و گوڵه‌كان به ڕه‌گه‌كانی ده‌چێنین و خزمه‌تی ده‌كه‌ین و گه‌شه‌ی پێ ده‌ده‌ین تا خستنه بازاڕ، جوانترین گوڵه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا هاورده ده‌كه‌ین، تاقیكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بۆ كه‌شوهه‌وای كوردستان گونجاو بوو، ئه‌وكات له ڕێی زۆركردن به‌رده‌وامی به زیادكردنی نموونه‌ی گوڵه‌كان ده‌ده‌ین، هه‌روه‌ها بۆ داره به‌ردار و میوه‌كانیش زۆرتر له ئێران ده‌یهێنین و پاشان لێره له به‌شی به‌رهه‌مێنان زۆری ده‌كه‌ین و ده‌یخه‌ینه خزمه‌ت برا جووتیاره‌كانی كوردستان.
بڕوا نه‌یشارده‌وه كه كاره‌كه‌ی بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی داهاتی ژیانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی، ئه‌وه‌شی گوت: تا ئێسته ئه‌زموونی 22 ساڵی باوكم وه‌ك شاره‌زایه‌ك له به‌رهه‌مهێنانی گوڵ، پاشان دایكم كه كارم له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن به‌شانازییه‌وه تاكه هاوكار و پشتیوانم بوون.
ئه‌و گه‌نجه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت یان كه‌رتی تایبه‌ت هاوكاریی بكه‌ن، ئه‌وا له به‌رنامه‌یدایه پڕۆژه‌كه‌ی فراوان بكات و هه‌لی كار بۆ ده‌یان گه‌نجی تر بڕه‌خسێنێت .
خاوه‌نی نه‌مامگه و شه‌تڵگه‌ی بڕوا ئاشكرای كرد، یه‌كه‌م جاره له كوردستان پیتمۆس كه وه‌ك خۆراك و خاك له بنی دار و گوڵ ده‌كرێت، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. ڕوونی كرده‌وه، هه‌موو نه‌مامگه و شه‌تڵگه و مه‌شته‌له‌كان له هۆڵه‌ندا و ئێران ده‌یهێنن، به‌ڵام ئه‌مان له هه‌ڵه‌بجه به‌رهه‌می دێنن.
له‌باره‌ی ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌كانیشیان بڕوا گوتی: ئێسته 100 جۆر گوڵی سروشتیی جۆراوجۆرمان به‌رهه‌م هێناوه، دره‌خته‌كانی ڕازاندنه‌وه، نه‌مامه به‌رداره‌كان، له‌گه‌ڵ چه‌ند جۆرێك گوڵی ڕازاندنه‌وه كه له‌ناو ماڵ داده‌نرێت، گوڵه‌كانی بیابان و شه‌تڵی كشتوكاڵی بۆ جووتیاره‌كان به‌رهه‌م دێنین.
هه‌ڵه‌بجه/ شه‌فیق بانیشاری