دۆخی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە 143 وڵاتی تر خراپترە

:: PM:04:34:04/08/2020 ‌
دۆخی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كە تا سێ مانگ لەمەوبەر لە باشترینی وڵاتانی دنیا بوو، ئێستە بۆ دۆخێكی خراپ دابەزیوە و بەراوردكردنی ئامارەكانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی تر، دەری دەخات دۆخەكەی لە هی 143 وڵاتی تر خراپتر و لە 72 وڵات باشترە. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە خراپتربوونی دۆخەكە هۆشداری دەدات.

 دوای حەوت مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە و بە گشتی 700 هەزار كەس لە دانیشتووانی زەوی بەم پەتایە مردوون و دیار نییە پێش ماڵئاوایی چەند كەسی تر دەكوژێت.
پێشبینی دەكرێ دوو سەعاتی تر دوای ئاپدێتكردنەوەی ئامارەكە، 700 هەزار كەس تێپەڕێنێت.

بەگوێرەی worldometers  ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا گەیشتووەتە 18 ملیۆن و 476 هەزار كەس كە لەو ژمارەیە 698 هەزار و 224 كەس گیانیان لە دەست داوە و پێشبینی دەكرێ دوو سەعاتی تر دوای ئاپدێتكردنەوەی ئامارەكە، 700 هەزار كەس تێپەڕێنێت.

لەو ژمارەیەی تووشی كۆرۆنا بوون 11 ملیۆن و 702 هەزار كەس چاك بوونەتەوە و هێشتا شەش ملیۆن و 75 هەزار نەخۆش هەن كە پێویستیان بە چاودێری پزیشكی هەیە و ڤایرۆسەكە لە لەشیاندا ماوەتەوە.

ئەمەریكا یەكەمی دنیایە
لە ناو وڵاتانی دنیا ئەمەریكا بە چوار ملیۆن و 862 هەزار و 513 حاڵەت بە پلەی یەكەم دێت. لەو وڵاتە نزیكەی 159 هەزار كەس بە ڤایرۆسەكە مردوون و دوو ملیۆن و448 هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە.

بەڕازیل بە دوو ملیۆن و 751 هەزار حاڵەت لە ریزبەندی دووەمدا دێت. لەو وڵاتە 94 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون و ملیۆنێك و 912 هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە.

هیندستان لە ریزبەندی سێیەمدا دێت كە ملیۆنێك و 861 هەزار تووشبووی هەیە و سەرووی 39 هەزار كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە و ملیۆنێك و 233 هەزار نەخۆشیش چاك بوونەتەوە.

هەشت گرووپ 
"وشە" بۆ هەڵسەنگاندنی ئامارەكە بە پشتبەستن بە worldometers وڵاتانی بەسەر هەشت گرووپدا دابەش كردووە.

تەنیا سێ وڵات ئاماری تووشبووانیان بە ملیۆنانە كە لە سەرەوەی ئاماژەیان پێ كراوە. رووسیا و ئەفریقای باشوور لە نێوان نیو تا یەك ملیۆن تووشبووی كۆرۆنایان هەیە  و خراونەتە گرووپی دووەم، 20 وڵاتی تریش لە نێوان 100 هەزار بۆ 500 هەزار حاڵەتی كۆرۆنایان تۆمار كردووە كە گرووپی سێیەم پێكدەهێنن.

عێراق لە ریزبەندی 21 دێت
 عێراق لە ریزبەندی 21 دێت كە  131 هەزار حاڵەتی كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە. لە عێراق چوار هەزار و 934 كەس بە كۆرۆنا مردوون و 94 هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە، هێشتا نزیكەی 33 هەزار كەس هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان و پێویستیان بە چاودێری تەندروستی هەیە.

لە ناو وڵاتانی دنیا فڕەنسا بە 191 هەزار حاڵەتی كۆرۆنا پێش عێراق و كەنەداش بە 117 هەزار تووشبوو دوای عێراق دێت. لە فڕەنسا 30 هەزار و لە كەنەداش نۆ هەزار كەس بە كۆرۆنا مرردوون.

میسر یەكەمی گرووپی چوارەمە
هەر لە ناو وڵاتانی دنیا 20 وڵات لە نێوان 50 تا 100 هەزار تووشبووی كۆرۆنایان هەیە. لەو گرووپە گواتیمالا بە 51 هەزار تووشبوو لە خوارەوەی ریزبەندییەكە و میسر بە 94 هەزار تووشبوو لە سەرەوەی ریزبەندییەكە هەڵكەوتووە. لە میسر نزیكەی پێنج هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە.

گرووپی پێنجەم ئەو وڵاتانەن كە لە نێوان 10 تا 50 هەزار نەخۆشی كۆرۆنایان هەیە. ژمارەی وڵاتانی ئەم گرووپە 36 وڵاتە. سێنگال بە 10 هەزار و 432 حاڵەت لە خوارەوەی لیستەكە و پۆڵەندا بە 48 هەزار حاڵەت لەو سەرەوەی گرووپەكە دێت. لە پۆڵەندا هەزار و 750 كەس  ولە سێنگالیش 214 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.

لە گرووپی شەشەم بە گشتی 64 وڵات لە نێوان هەزار تا 10 هەزار تووشبووی كۆرۆنایان لێ تۆمار كراوە. بۆركینافاسۆ بە هەزار و 150 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا و 53 قوربانی لە خوارەوەی ریزبەندییەكە و نەرویج بە نۆ هەزار و 334 حاڵەت لە سەرەوەی ریزبەندییەكەدا دێت كە 256 كەسی بە كۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

لە بۆتان هیچ قوربانییەك تۆمار نەكراوە
گرووپی حەوتەم ئەو وڵاتانەن كە لە نێوان 100 تا هەزار تووشبووی كۆرۆنایان هەیە و 43 وڵات لەم گرووپەدا جێیان بووەتەوە. 
وڵاتی بۆتان بە 103 حاڵەتی كۆرۆنا و تۆمارنەكردنی هیچ حاڵەتێكی قوربانی لە خوارەوەی لیستەكە و تۆگۆ بە 976 حاڵەتی كۆرۆنا و 19 قوربانی لە سەرەوەی لیستەكە دێت.

27  وڵات و هەرێمەكانی تر كەمتر لە 100 تووشبووی كۆرۆنایان هەیە گرووپی هەشتەم پێكدەهێنن. ئەنگۆلا بە تۆماركردنی سێ حاڵەتی ڤایرۆسەكە كە هەر سێ كەسیان چاك بوونەتەوە لە خوارەوەی ریزبەندییەكەدا دێت كە لەچاو تەواوی وڵاتانی دنیا باشترین دۆخی هەیە. ئانتیگوا و باربۆدا 92 تووشبووی هەیە كە لە سەرەوەی ریزبەندییەكەدا دێت.

كۆی ژمارەی ئەو وڵات و هەرێمانەی لە دنیادا حاڵەتی كۆرۆنایان لێ تۆمار كراوە دەگاتە 215 وڵات.

هەرێمی كوردستان لە ریزبەندییەكەدا ناوی نەهاتووە و لەگەڵ عێراق ئامارەكانی راگەیەنراوە كە لە ریزبەندی 21دا دێت.
هەرێمی كوردستان لە گرووپی پێنجەمدایە.
لە هەرێمی كوردستان 14 هەزار و 816 كەس تووشی كۆرۆنا بوون

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی كوردستان 14 هەزار و 816 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 574 كەس گیانیان لە دەست داوە و نۆ هەزار و 413 كەسیش چاك بوونەتەوە.

ئەگەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دنیا بەراورد بكەین لە رووی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا، دەكەوێتە ریزبەندی 73 كە لە نێوان كۆریای باشوور و چیكدا هەڵكەوتووە و دەكەوێتە گرووپی پێنجەمەوە. بەو پێیە دۆخی هەرێمی كوردستان لە 72 وڵاتی دنیا باشترە، بەڵام لە 143 وڵاتی تر خراپترە.

دۆخەكە لە كوردستان رووی لە خراپتربوونە
دكتۆر محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هێشتا خەڵك رەچاوی خۆپارێزی ناكەن و رێنوێنییەكان لە چوارچێوەی تاكپارێزی لە ئاستی پێویستدا نین، بۆیەش پێشبینی دەكەن دۆخەكە خراپتر بێت، هەرێمی كوردستان لە رێزبەندییەكەدا دۆخی لە زۆربەی وڵاتانی تری دنیا خراپتر بێت.

وەك ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی خستیەڕوو، دۆخەكە پێویستی بە توندتركردنی رێكارەكان هەیە و دەبێ هاووڵاتییان هاوكار بن لەوەی چیتر ژمارەكان بەم شێوەیە هەڵنەكشێن، ئەگەرنا توانای تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامدەری ئەو ژمارە نەخۆشە نابێت كە روو لە نەخۆشخانەكان دەكەن.

نەخۆشێك پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبووە، بەڵام لە نەخۆشخانە شوێن نەبووە
جێی باسە نزیكەی مانگێك دەبێ زۆر لە نەخۆشەكانی كۆرۆنا دەگەڕێنرێنەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی خۆیان كەرەنتین بكەن و ئەگەر دۆخی تەندروستیان زۆر ناجێگیر بوو، ئەمجارە لە نەخۆشخانەكان وەریان دەگرن. دكتۆر محەمەد قادر دەڵێ حاڵەتی لەم شێوەیە هەبووە كە نەخۆشێك پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبووە، بەڵام لە نەخۆشخانە شوێن نەبووە و رەوانەی نەخۆشخانەیەكی تریان كردووە، بۆیەش هیوای خواست ژمارەكە ئەوەندە زۆر نەبێت نەتوانن چارەسەریان بكەن.


وشە - سلێمان تاشان