بافڵ تاڵەبانی بۆ بابەتی دزەپێکردنی دۆلار و هێرشەکانی تورکیا لە رووسیایە

:: PM:09:07:29/03/2024 ‌
بەپێی بەدواداجوونەکانی "وشە" دەرکەوت بافڵ تاڵەبانی بۆ پاکانەی دۆخی یەکێتی کە بەهۆی چاودێرییە چڕەکانی ئەمەریکاوە ناتوانن وەک جاران دۆلار ئاودیوی ئێران و ڕووسیا بکەن و هاوکات خۆپاراستن لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، لە ڕووسیایە و وەزیری دەرەوەی بینی.

وەک ڕاگەیەنرا، رێككەوتن لە نێوان عێراق و توركیا كرا بۆ هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی بەغدا و تاران، بۆ لێدانی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" کراوە و ئەنقەرە رەزامەندی هەردوو وڵاتی پەناگەی پەکەکەی وەرگرتووە بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراو، بە ئاشكرا و لەسەر ئاستی فەرمی لایەنی توركی باس لەوە دەکەن كە دەست لە سلێمانی و شنگال ناپارێزرن وەک دوو ناوچەی چالاکیی پەکەکە.

 سەرچاوەیەكی تەناهی بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، ئامانجی سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ رووسیا، ئەوەیە شەفاعەت بۆ یەكێتی بكات تا نەبێتە قوربانی رێككەوتنەكەی نێوان "توركیا و عێراق". دووپاتیشی کردەوە کە بەشێکی تری سەردانەکە پێوەندی بە نیگەرانی ڕووسیاوە هەیە لە کەمبوونەوەی دۆلار کە پێشتر بە ئاسانی لە سلێمانی دەستی دەخست.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی لەژێر گوشاری توندی تاران و مۆسکۆدایە لە دۆسیەی کەمبوونەوەی ئاودیوکردنی دۆلار. هاوکات هۆکاری سەردانەکەی تاڵەبانی لەم کاتەدا بۆ ڕووسیا، گەڕاندنەوە بۆ داوا بەپەلەی لە رووسیا تا لە رێگەی پێوەندییەكانی خۆیەوە، داوا لە تورکیا بکەن یەكێتی نەبێتە قوربانی ئەو رێككەوتنەی نێوان توركیا و عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی پەكەكە. 

لە 18ی ئەم مانگەدا، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا پەیامێكی ئاراستەی بەرپرسانی یەكێتی كرد کە تێیدا هاتبوو "پێویستە برادەرانمان لە سلێمانی لە هەڵەكانیان بە پاڵپشتیكردنی پەكەكە بکشێنەوە، تا رێگەكە نزیكە". 

لە درێژەی پەیامەكەی فیدان كە لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی "سی ئێن ئێنی" توركییەوە ئاراستەی كردن، هاتبوو، من فێڵتان لێناكەم و تەڵەیشتان بۆ دانانێم، رووبەروو پێتان دەڵێم واز لەم كارە بێنن، چونكە ئەمە تاکە رێگەیە لە بەرژەوەندی خۆتاندایە نەک كەسی تر و نیگەرانین شارێكی دێرینی وەك سلێمانی، پەناگەی دوژمنانی توركیا بێت. 

سەرچاوەکەی "وشە" کە بە وردی ئاگای لە رووداوەکانە، گوتی، یەکێتی ترسی لێ نیشتووە ئەگەر نەکەوێتە ژێر هێرشی توندی تورکیایش، ئەوە درۆنەکان زیانی گەورەی لێ بدەن، بۆیە هەم پێویستی بە پاکانەیە لای ڕووسیا کە ماوەیەکە نیگەرانن لە کەمبوونەوەی دۆلار و تاڵەبانی دۆخی چاودێرییەکانی ئەمەریکایان بۆ ڕوون دەکاتەوە و داوایش دەکات مۆسکۆ لەم قۆناغەدا پشتیوانی یەکێتی بکات تا لە تووڕەییەکانی تورکیا، بە سەلامەت دەربچێ.

پێشتر توركیا چەندان جار لە زاری بەرپرسانییەوە رای گەیاندبوو کە سلێمانی و بەرپرسانی نەك هەر پشتگیری  لە بوونی پەکەکە دەکەن، بەڵکوو بوونەتە شوێنی پاڵپشتی لۆجستیکی یەپەگەیش لە سووریا و پەکەکە ژینگەی سلێمانی وەک پردێکی ئاسمانی بەکار دەهێنێت. جەختیشیان دەکردەوە کە ئەو بیانووانە قبووڵ ناکەن کە یەکێتی دەیهێنێتەوە و گوشارەکان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت. 

پێشتر رۆژنامەی "عەرەب جەدید"ی لەندەنی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ئاشكرای كردبوو، ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەبارەی كۆنترۆڵكردنی قاچاخی دۆلار رایانگەیاندووە، تەنیا 5%ی ئەو بڕەی كۆنترۆڵ كردووە كە رۆژانە دەبردرێتە دەرەوە، بابەتی قاچاخی دۆلار لە عێراق بەشێوەیەكی فەرمی ناكرێت، بەڵكو زۆرینەی لە رێگەی دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەكانەوەیە، لە پارێزگاكانی دیالە و سلێمانی لە رێگەی سنوورەكانی ئێرانەوە.

جێی ئاماژەیە، تورکیا لە ڕۆژی 4-3-2023 ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەکەی سلێمانیدا داخست، ئەوەش وەک بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، "سزادان"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەهۆی ئەوەی پێیانوایە ئەو حیزبە "هاوکاریی پەکەکە" دەکات.
 


وشە - پۆڵا مەحموود