دوو هاووڵاتیی لبنانی لە تاران تیرۆر کران

:: AM:10:58:08/08/2020 ‌
دوو هاووڵاتیی عەرەبی لبنانی لە شەقامی پاسدارانی تاران بە هۆی دەستڕێژیی فیشەك كوژران.

ئەو دوو هاووڵاتییە عەرەبەی لبنان باوك و كچێك بوون و لە لایەن كەسێك كە ماتۆڕسكیلی پێ بووە، تەقەیان لێ دەكرێت و هەر دوو كەسەكە دەكوژرێن.

میدیاكانی ئێران هەواڵی كوژرانی دوو لبنانییەكەیان پشتڕاست كردووەتەوە كە ناویان حەبیب و مریەم داودی بووە.

هیچ بەرپرسێكی ئێران بەفەرمی لەسەر كوژرانی ئەم دوو هاووڵاتییەی لبنان قسەیان نەكردووە
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، هێشتا هیچ بەرپرسێكی ئێران بەفەرمی لەسەر كوژرانی ئەم دوو هاووڵاتییەی لبنان قسەیان نەكردووە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت.

هیچ زانیارییەك لەسەر ئەوە بڵاو نەبووەتەوە ئەم دوو هاووڵاتییە لبنانییە كاریان چی بووە و بە چ مەبەستێك سەردانی تارانیان كردووە. 

كوژرانی ئەم دوو لبنانییە لە كاتێكدایە سێشەمی رابردوو لە لبنان تەقینەوەیەكی زۆر بەهێز رووی دا و بەهۆیەوە نزیكەی پێنج هەزار كەس بریندار بوون و سەرووی 150 كەسیش گیانیان لە دەست دا.


وشە - سلێمان تاشان