هەدەپە زانیاری نوێ‌ لەسەر دیارنەمانی ئەندامێكی لە سلێمانی ئاشكرا دەكات

:: PM:12:22:08/08/2020 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی هەدەپە لە هەولێر، زانیاری لەسەر دیارنەمانی ئەندامێكیان لە سلێمانی ئاشكرا دەكات و داوای دیاریكردنی چارەنووسی دەكات.

ئەمڕۆ شەموو هەشتی ئاب، سەلیم باسان ئەندامی ئەنجوومەنی هەولێری هەدەپە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێویستە كورد خۆی ڕێكبخاتەوە و ببێتە ڕێگر بۆ ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو هێرشانە زیانی زۆری گەیاندووە بە هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە ڕابگیرێن و نەبنە هۆكارێك بۆ مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

ئێمە سەردانی ئاسایش و پۆلیس دەكەین هیچ زانیارییەكمان پێ نادەن
لە پرسیارێكی پەیامنێری "وشە" لەسەر چارەنووسی عەلی قایار هاوسەرۆكی شارەوانی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەی شاری سێرت، ماوەی سێ‌ هەفتەیە لە سلێمانی چارەنووسی نادیارە. گوتی ئێمە سەردانی ئاسایش و پۆلیس دەكەین هیچ زانیارییەكمان پێ نادەن.

ڕوونی كردەوە، داواكارین حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچوون بۆ ئەو كادرەمان بكات و چارەنووسی بزانرێت، هەروەها لەو شوێنەی ون بووە كامێرای چاودێری هەیە، ڕێ نادرێت ئەو كامێرانەش لێ بدرێنەوە.

پێشتر دەنیز ئەیەر ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی دیموكراتی گەلان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە پێوەندیمان لەگەڵ عەلی قایار هاوسەرۆكی شارەوانی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەی شاری سێرت لە سلێمانی پچڕاوە.



وشە - رامیار جەواد