ئێران بەردەوامە لە بەرنەدانەوەی ئاوی زێی بچووك

:: AM:09:55:14/08/2020 ‌
ئێران لە بەنداوی سەردەشتەوە ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە سەرەڕای دروستبوونی کێشەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ، کێشەیەکی زۆر بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە دروست بووە و بە دەیان هەزاران ماسی مردوون.

گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك کاریگەری کردووه‌تە سەر به‌رهه‌مى ماسی
ئەمڕۆ هه‌ینى 13ی ئاب، زانا عوسمان، بەرپرسی پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێران ماوەی دوو ڕۆژە ئاوی زێی بچووکی لە دیوی بەنداوی سەردەشتەوە گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە قەڵادزێ و دەوروبەری گەشتووە و کێشەی ئاوی خواردنەوەی دروستکردووه‌.

زیاتر گوتی، ئێران بە گرتنەوەی ئەو ئاوە گرفتی زۆری بۆ تەواوی ئەو ناوچانە دروست دەکات کە ئاوی زێی بچووکیان لەسەرە و بەتایبەت ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە ئێسته‌ وەرزی گەرمایە و ئەو زەویانە پێویستیان بە ئاو هەیە.

ڕوونى كرده‌وه‌، سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییانی قەڵادزێ ئاوی زێی بچووکە کێشە بۆ ئاوی خواردنەوەیش دروستبووە، لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان و بە شۆفێڵ چاڵ دروست دەکەن تا ئاستی ئاوەکە بەرزبێتەوە.

باسی لەوە کرد، گرتنەوەی ئەو ئاوە زیانێکی زۆری لە سامانی ماسی داوە و بە دەیان هەزاران ماسی مردوون و چونکە ئاستی ئاوەکە دابەزیووە و ماسییەکان کەوتوونەتە سەر وشکانی و ئەوەیش زیانێکی گەورەیە.

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاو زێی بچووکی گرتووه‌تەوە لە سنوری پشدەر، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکەیش زیان بەچەندان پڕۆژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵدار کەوتووە، هاوکات سنورەکەیشی دووچاری کەم ئاوى کردووه‌تەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران