لە هەرێمی كوردستان دەستدرێژیی سێكسی کراوەتە سەر 35 ژن

:: PM:01:22:25/08/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ڕای دەگەیەنێت، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵ توندوتیژی كەمی كردووە و 35 ژنیش دەستدرێژیی سێكسییان كراوەتە سەر.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی ئاب، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان هاتووە، رێژەی توندوتیژییەكانی دژ بە ژنان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە بەراورد بە شەش مانگی ساڵی رابردوو، كەمی كردووە و توندوتیژی دژ بە ژنان رێژەكەی دابەزیوە.

لە شەش مانگی ساڵی 2019 دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر 47 ژن هەبووە و ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ 35 حاڵەت. .
ڕوون كراوەتەوە، لە شەش مانگی ساڵی 2019 ڕێژەی كوشتن 22 كەس بوو، ئێستە دابەزیوە بۆ سێ‌ كەس و ڕێژی خۆكوشتن 32 كەس بووە و ئێستە دابەزیوە بۆ 13 كەس.

لە ئامارەكەدا هاتووە، لە شەش مانگی ساڵی 2019 خۆسووتاندن 58 كەس بووە و ئێستە دابەزیوە بۆ 26 كەس، سكاڵای ژنان لە شەش مانگی ساڵی 2019 چوار هەزار و 972 كەس بووە و لە ساڵی 2020 سكاڵای ژنان سێ‌ هەزار و 769 كەس بووە.

لەبارەی دەستدرێژیی سێكسی ئاشكرا كراوە، لە شەش مانگی ساڵی 2019 دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر 47 ژن هەبووە و ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ 35 حاڵەت.



وشە - رامیار جەواد