کوالێتیی بەنزینی کوردستان لەگەڵ هەرزانبوونی باشتر بووە

:: PM:03:38:27/08/2020 ‌
ساڵانە بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا یەکێک لەو کێشانەی بۆ شوفێران هاتووەتە کایەوە خراپیی بەنزین و سووتانی فیول پەمپی ئۆتۆمبێلەکانیان بووە بەڵام ئەمساڵ بە پێچەوانە ئەم کێشەیە زۆر کەمڕەنگ بووە. کۆمەڵێک هۆکار وایانکردووە کوالیتییەکە بەرز ببێتەوە.

کوالێتی بەنزینی کوردستان رێک لەو کاتەوە باش بووە کە نرخەکەشی دابەزیوە و پێشتر کە هەر لیترێک لە بەنزینی نۆرماڵ بە 750 دینار و سەروووی 800 دینار دەفرۆشرا لە پڕ نرخەکەی بۆ خوارووی 400 دینار دابەزی کەچی لەو کاتەوە نرخەکەی نزمە کوالێتییەکەشی بەرز بووەتەوە.

گرنگترین هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین بریتی بووە لە دابەزینی نرخی نەوت
گرنگترین هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین بریتی بووە لە دابەزینی نرخی نەوت و ئەم دابەزینی نرخەش نەک لە کوردستان لە تەواوی وڵاتانی دنیا لەئارادابووە چونکە ماودەی خاوی سەرجەم پاڵاوگەکان نەوتی خاوە و کاتێکیش نەوتی خاوی هەرزانیان پێ دەگات ئاسایی نرخەکەشی هەرزان بێت.

پێشتر ئەو لێکدانەوەیە هەبووە هەر شتێک نرخی نزم بێتەوە ئەوا کوالێتیشی دادەبەزێت بەڵام ئەمە بۆ بەنزین پێچەوانەیە و لەگەڵ دابەزینی نرخ کوالێتییەکەشی بەرز بووەتەوە.

پێشتریش ئەو بەنزینە باشە بەرهەم هاتووە
قوباد حەمەدەمین سەرۆکی رێکخراوی ئۆیل بۆ پەرەپێدانی پاڵاوگەکان بۆ "وشە" هۆکارەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت کێشەکە پێوەندی بە بەرزیی و نزمیی نرخەوە هەیە و هەرێمی کوردستان پێشتریش هەر ئەو بەنزینەی بەرهەم هێناوە بەڵام ئەو بەنزینە باشە بە بەنزینخانەکانی کوردستان نەدراوە بەڵکوو بۆ شوێنی تری وەک پارێزگاکانی عێراق هەناردە کراوە و ئەگەر لە ناوخۆش ئەو بەنزینە فرۆشرابێت ئەوا ناوەکەی نۆرماڵ نەبووە و بە ناوی کوالێتی بەرز و بە ناوی بەنزینی دەرەوە ساغ کراوەتەوە.

ئەو پێی وایە ساختەکاری و خراپکردنی کوالێتی بەنزین زیاتر لەو کاتانەدا روو دەدات کە نرخەکەی بەرزە و ئەوانەی لە پشت ئەم کارانەن لەو کارەدا سوودی زیاتریان پێ دەگات و ئێستە کە بەنزین بە گشتی نرخەکەی هەرزانە هیچ دەرفەتێک بۆ ئەم فرت و فێڵە نەماوەتەوە.

هەموو ئەو بەنزینەی لە کوردستان دەفرۆشرێت لە جۆرە باشەکەیەتی
بە گوتەی ئەو شارەزایەی پەرەپێدانی پاڵاوگەکان ئێستە هەموو ئەو بەنزینەی لە کوردستان دەفرۆشرێت لە جۆرە باشەکەیەتی و بۆیەش هاووڵاتیان کەمتر هەستیان بە کیشەی سوووتانی فیول پەمپی ئۆتۆمبێلەکانیان کردووە.

قوباد حەمەدەمین پێشبینی دەکات ئەگەر نرخی نەوت زۆر بەرز ببێتەوە ئەوا نرخی بەنزینیش هەڵدەکشێت و ئەوکاتیش دووبارە دەبێ چاوەڕێی تێکچوونی بەنزینەکە بکەن ئەگەر چاودێرییەکانی بازاڕ چڕ نەکرێنەوە.

ئامرازەکانی بەرهەمهێنان باشتر بوون
ئەو نایشارێتەوە پاڵاوگەکان بە گشتی تەنانەت پاڵاوگە نایاساییەکانیش لە ئامێرەکانیاندا گۆڕانکارییان کردووە و ئامرازی پێشکەوتوو و بە ستانداردتر لە جاران بۆ پاڵاوتنی نەوت بەکار دەهێنن کە دەکرێ هۆکارێکی تری باشتربوونی کوالێتی بەنزین لە کوردستان بێت.

لە لایەکی ترەوە هێمن سەید موراد بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی بۆ "وشە" ئاماژەی دا چاودێری بەنزینخانەکان لە سنووری دەسەڵاتی ئەواندا نییە و لە لایەن وەزارەتی سامانی سروشتییەکانەوە چاودێری دەکرین، هەر چەندە دەشزانن هۆکاری باشبوونی کوالێتی بەنزینەکەیان چییە.

بەنزینخانەکان رەکابەرییان لەگەڵ یەکتردا هەیە
ئەو ئاماژەی دا زۆری ژمارەی بەنزینخانەکان و ئەو رەکابەرییەی لە نێوانیاندا هەیە لە لایەک و هەرزانیی نرخی بەنزین دەرفەتی هەر جۆرە ساختەکارییەکی کەم کردووەتەوە و هەموو کاتێک ساختەکارییەکان لە شتی گران روو دەدەن. ئەمە نەک بۆ بەنزین بۆ کالای تریش دروستە.

جێگەی باسە مانگی رابردوو لە چەند بەنزینخانەیەکی هەولێر کوالیتی بەنزین دابەزی بەڵام ئەوەی وایکرد دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و کۆتایی بە خراپیی بەنزین بهێنرێت ئەو بڕیارانە بوون لە لایەن قایمقامیەتی هەولێر و پاریزگارەوە دەرکران.

چاودێریش رۆڵی هەبووە
ئەو کات بڕیار درا هه‌ر به‌نزینخانه‌یه‌ك به‌نزینی خراپ بفرۆشێت، دادەخرێت؛ داواش لە هاووڵاتیان کرا ئاگاداریان بکەنەوە لە بەنزینی خراپ یاخود کوالێتی نزم. ھەر بەنزینخانەیەك بەنزینی كوالێتی نزم یان خراپ بفرۆشێت، سەرەڕای گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی و داخستنی بەنزینخانەکەی، لافیتەش لەسەر بەنزیخانەكەی ھەڵبواسرێت. 

دەکرێ دیاردەی خراپیی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بۆ هەمیشە بنبڕ بکرێ.
چاودێری چر،  بە نزمی هێشتنەوەی نرخی بەنزین و رەخساندنی رەکابەرییەکی تەندروست بۆ بەنزینخانەکان لە خستنەڕووی بەرهەمی باش و سزادانی سەرپێچکاران هۆکارگەلێکن کە دەتوانن دیاردەی خراپیی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بۆ هەمیشە بنبڕ بکەن. 



وشە - سلێمان تاشان