ئەمەریكا رێ نادات حزبوڵا بەشێك بێ لە حكوومەتی داهاتووی لبنان

:: PM:01:50:03/09/2020 ‌
گوتەبێژی بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا مۆرگان ئۆرتاگۆس رای گەیاند، واشنتن نایەوێ حزبوڵا بەشێك بێ لە پێكهێنانی حكوومەتی لبنان كە تازە دەستبەكار دەبێت. بەڵام بە رژدی هاوكاری فڕەنسا دەكات بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو وڵاتە.
نامانەوێ حزبوڵا بەشێك بێت لەو حكوومەتەی كە لەو وڵاتە دەستبەكار دەبێت

پێگەی "ئەلعەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم سێی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، شەوی رابردوو مۆرگان ئۆرتاگۆس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاندووە، بەهەموو شێوەیەك هاوكاری فڕەنسا دەكەین بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی و ئابووری لبنان، بەڵام نامانەوێ حزبوڵا بەشێك بێت لەو حكوومەتەی كە لەو وڵاتە دەستبەكار دەبێت.

ئۆرتاگۆن ئەوەشی گوت، ئەمەریكا ناتوانێ وەك پێشتر كار لەگەڵ لبنان بكات و حزبوڵایش بەشێك بێ لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، چونكە ئەو حزبە هەمیشە مایەی مەترسی بووە بۆ سەر لبنان و نەیهێشتووە چاكسازییەكان لەو وڵاتە بەڕێوشوێنی دروستی خۆیاندا بڕۆن. بۆیە ئەمەریكا لە نزیكەوە هاوكاری فڕەنسا دەكات بۆ چارەسەری كێشەكانی لبنان كە گەلی ئەو وڵاتە دەیانەوێت.

سەرۆكی نوێی حكوومەتی لبنانی مستەفا ئەدیب پێشتر رای گەیاندبوو، دوای ئەوەی تاوتوێی دۆخی وڵاتەكەیان لەگەڵ نوێنەرەكانی هاووڵاتییان كردووە، ئەوان دەیانەوێ حكوومەتێكی پسپۆڕ لە هەموو بوارەكاندا پێك بێنن. ئەوە لەكاتێكدایە كە سەرۆكی فڕەنسا ئیمانۆیل ماكرۆن مۆڵەتی دوو هەفتەی بۆ حكوومەتی لبنان داناوە تا دەست بە چاكسازییەكان بكەن.

ئەوەشی گوتووە كە حكوومەتی داهاتوو لەسەر بنچینەی پسپۆڕی دەبێت و بەڵێن دەدات كە چاكسازییە بنچینەییەكان جێبەجێ بكات. بۆ ئەوەش گوتوویەتی، هەوڵ دەدەین ئەو ئەركە جێبەجێ بكەین كە بە خەڵكی لبنانمان داوە. دەرفەتێكی بچووكمان لە بەردەستە، بۆیە قۆناغەكە لە بری قسەكردن، كرداری لێمان دەوێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د