ئەوەی لە گەڕاندنەوەی سزاكان بۆ سەر ئێران هاوكاری ئەمەریكا نەكات سزا دەدرێت

:: AM:10:13:20/09/2020 ‌
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، بە فەرمی دەستیان بە گەڕاندنەوەی سزاكان دژی ئێران كردووە و هەر وڵاتێك رەچاوی سەپاندنی ئەو سزایانە نەكات، ئەوا لەلایەن ئەمەریكاوە ئەویش سزا دەدرێت.

پۆمپیۆ لە كاتێكدا ئەو هەڕەشەیەی كردووە كە لە بڕیارەكەی بۆ گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران، تەنانەت هەندێك وڵاتی هاوپەیمانی ئەوروپیشی لەگەڵدا نین و سێ وڵاتی ئەوروپا دەڵێن هێشتا سزاكان لای ئەوان بە هەڵپەسێراوی دەمێننەوە.
بە هیچ شێوەیەك رێ نادات پەرە بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بدرێت

بەگوێرەی سپوتنیك پۆمپیۆ گوتوویەتی، بە هیچ شێوەیەك رێ نادات پەرە بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بدرێت و رێ لەوە دەگرێت ئێران دەستی بە چەك و تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو بۆ پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیكی رابگات.

هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فڕەنسا لە نامەیەكدا كە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیان كردووە، ئاماژەیان داوە هەڵپەساردنی سزاكان لە دوای 20ی ئەیلوولیش لە چوارچێوەی رێككەوتنی ناوكیی درێژەیان دەبێت.

ئەوان لە نامەكەدا ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، هەر بڕیارێكی تر بۆ گەڕاندنەوەی سزاكان بۆ سەر ئێران، ناكەوێتە چوارچێوەی یاساكانەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە كۆتایی ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ناوكیی هاتە دەرەوە و دواتر یەكلایەنە سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوكاتیش سێ وڵاتی ئەوروپا پاڵپشتییان لە رێككەوتنی ناوكی كرد و درێژەیان پێ دا.

مانگی رابردووش ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەوڵی دا سزاكانی فرۆشتنی چەك بە ئێران درێژ بكاتەوە، بەڵام هەوڵەكەی سەری نەگرت و بەپێی یاساكەش ئێران كەمتر لە مانگێكی تر بۆی هەیە چەك بۆ خۆی دابین بكات.



وشە - سلێمان تاشان